ھەولێر-KDP.info- لەسەروبەندی ساڵوەگەڕی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ماڵپەڕی KDP.info ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر گەشەسەندنی پایتەخت بڵاو دەکاتەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر وردەکاریی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتەکانی ڕێگەوبان، ئاو، ژینگە و کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە بەستنەوەی شادەمارەکانی گواستنەوە و داڕشتنی ماستەرپلانی داھاتوو، خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی پایتەخت بوون لەم کابینەیەدا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانی، گوتی، ''ئەم کابینەیە لە ڕێگەی گەورەترین شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەوە، ڕۆڵێکی مێژوویی و ستراتیژی لە گۆڕینی سیمای شاری ھەولێر و پاراستنی ژێرخانەکەی گێڕاوە، حکوومەتی ھەرێم تەنیا لە سێکتەری ڕێگەوباندا زیاتر لە ١,١١٩ پڕۆژەی بە گوژمەی ٤ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار لەسەر ئاستی ھەرێم خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەشێکی گەورەیان بەر پارێزگای ھەولێر کەوتووە'.
پارێزگاری ھەولێر وردەکاریی پڕۆژە گرنگەکانی ڕێگەوبانی خستە ڕوو و گوتی، ''شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتریی خێرا یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم کە بە چەند قۆناغێک بەشێکی زۆری تەواو کراوە و قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر شەقامەکانی ناوخۆ کەم کردووەتەوە. ھاوکات تەواوکردنی قۆناغەکانی شەقامی ١٢٠ مەتری، کە بەھۆی قەیرانەوە ڕاوەستابوون، لەم کابینەیەدا بەکۆتا ھێندران، شەقامی ٦٠ مەتریی نوێش ئێستا کاری تێدا دەکرێت بۆ بەستنەوەی ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری پێکەوە.
ئومێد خۆشناو دەشڵێت، ''پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر - گۆمەسپان بە کوالێتییەکی جیھانی و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو کرا. ھەروەھا پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر - کۆیە کە بە یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکان دادەنرێت، لەم کابینەیەدا بە بڕیارێکی بوێرانە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم ڕێگەیە تەنیا کێشەی نێوان ھەولێر و کۆیە چارەسەر ناکات، بەڵکو شادەماری بەستنەوەی ھەولێرە بە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، کە ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە بووژانەوەی ئابووری، بازرگانی و پاراستنی گیانی ھاووڵاتییاندا.
سەبارەت بە کەرتی ئاو، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، ''کابینەی نۆیەم بە تەرخانکردنی زیاتر لە ٢٦٦ ملیار دینار، ستراتیژیەتی ھەولێری لە مەترسیی لافاوەوە گۆڕی بۆ دەرفەتی گلدانەوەی ئاو. بەنداوی ستراتیژیی گۆمەسپان بە گوژمەی ٩٥ ملیار دینار دروست کراوە و توانای کۆکردنەوەی ٩٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، ئەم بەنداوە جگە لە دابینکردنی ئاوی پاک، ئاستی ئاوی ژێرزەویش بە ڕێژەیەکی پێوانەیی بەرز دەکاتەوە.
گوتیشی، ''پڕۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر وەک فریادڕەسێک بۆ کێشەی کەمئاوی جێبەجێ کرا، کە کێشەی بێئاوی لە زیاتر لە ١٥٠ گەڕەکی سەرەکیی ھەولێردا چارەسەر کرد.
پارێزگاری ھەولێر تیشکی خستە سەر کەرتی کارەبا و گوتی، ''پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی یەکێکە لە دەستکەوتە ھەرە مێژووییەکانی کابینەی نۆیەم، کە خەونی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی کردە ڕاستی. بەھۆی ئەم پڕۆژەیەوە، زیاتر لە ٣,٢٠٠ موەلیدەی ئەھلی لە ھەولێردا کوژانەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر پاککردنەوەی ھەوای پایتەخت ھەبووە.
زانیارییەکی گرنگیشی ئاشکرا کرد و گوتی، ''بەپێی ئەو پلانەی ڕێزدار مەسروور بارزانی دایڕشتووە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ تەواوی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات.
لەبارەی ژینگەوە، ئومێد خۆشناو گوتی، ''کابینەی نۆیەم گرنگییەکی بێوێنەی بە پشتێنەی سەوزایی پایتەخت داوە، پارکی گەورەی زەیتوون و پارکی ١٢٠ مەتری نموونەی ئەو پڕۆژە ژینگەییانەن. ھەروەھا ھەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن دار بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت بەردەوامە. پڕۆژەی وێستگەی چارەسەرکردن و ڕیسایکلینی ئاوی قورسی ھەولێریش، گەورەترین پڕۆژەی ژێرخانی ژینگەییە کە بە تێچووی ٥٧٩ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارێزگاری ھەولێر لە باسی ماستەرپلانی نوێی پارێزگای ھەولێردا گوتی، ''ئەم ماستەرپلانە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی پایتەخت بۆ شارێکی ھۆشمەند و گەشتیاری تا ساڵی ٢٠٥٠، کە دروستکردنی شەقامی ٢٠٠ مەتری و سیستمی ترام (شەمەندەفەری ناوخۆیی خێرا) لەخۆ دەگرێت.
کرمانج فەتاح