هه‌ولێر-KDP.info- قایمقامی قه‌زای به‌حركه ده‌ڵێ "به‌قه‌زاكردنی به‌حركه هه‌نگاوێكی گرنگه و ده‌بێته هۆی بوژانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه، ئامانجی حكوومه‌تیش خزمه‌تکردنی هاووڵاتییانه به‌شێوه‌یه‌كی باشتر."
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه قایمقامی قه‌زای به‌حركه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ستبه‌كار بوو، ئه‌وه‌یش دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌رچوو.
شاخه‌وان سه‌دیقه سۆر، قایمقامی به‌حركه به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "به‌حركه ده‌ڤه‌رێكی فراوانی هه‌یه، له چه‌ندین ڕووه‌وە گرنگه، به فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی به‌قه‌زابوونی ده‌ركرا، ئامانج له به‌قه‌زاكردنی به‌حركه بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی سنووری به‌حركه‌یه، له داهاتوودا دانیشتوانی قه‌زاكه زیاتر سوودمه‌ند ده‌بن له پڕۆژه خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌نده‌ش ئه‌وه‌ی له‌توانامدابێت درێغی ناكه‌م له خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان به‌بێ جیاوازی."
قایمقامی به‌حركه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "له‌گه‌ڵ بڕیاری به‌قه‌زابوونی به‌حركه چه‌ندین فه‌رمانگه‌ی نوێ له به‌حركه ده‌كرێنه‌وه، هاووڵاتییانی قه‌زاكه‌مان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه خزمه‌تگوزاری زیاتریان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت، چونكه سیاسه‌تی حكوومه‌ت و كابینه‌ی نۆ ئه‌وه‌یه زۆرترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به هاووڵاتییان بكرێت."
شاخه‌وان سه‌دیقه سۆر ده‌ڵێت "سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كه‌م متمانه‌یان پێ به‌خشیم بۆ قایمقامی قه‌زاكه، ئه‌وه‌ی له‌توانای من بێت وه‌ك قایمقام درێغی ناكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كوالێتی خزمه‌تگوزارییه‌كان باشتر بكه‌ین، بێگومان پلانی خۆمان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كوێ پێویستی به خزمه‌تگوزاری هه‌یه، بۆ ئه‌و شوێنه دابین بكرێت."
قائید میرۆ