هەولێر-KDP.info- دکتۆر هێمن هەورامی دەڵێت، هیچ بیانوویەکی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی نەماوە بۆ کارانەبوونی پەرلەمان، دەشڵێت، هەمووان لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندان.
ڕۆژی ٨ی ٧ی ٢٠٢٦، لە پیرمام، دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە جیا دوو دیداری لەگەڵ هیتۆشی ئیشیزوکا، کۆنسوڵی گشتیی ژاپۆن، تۆمۆهیرۆ ماتسوشیما، بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق، مایوکی نیشیمورا لە بەشی سیاسی، و خاتوو لویسیا، ڕاوێژکاری سیاسیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
لەبارەی دوایین بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە، هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە کە دوای ٢٠ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم، هەموو هەوڵێکی داوە تاوەکو بە دیداری دووقۆڵی و چەندقۆڵی، پەیام، ڕاگەیەندراو و لیژنەی گفتوگۆ، ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت و پەرلەمان کارا بێت و ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لەو چوارچێوەیەدا، هەموو ئەو ڕێگری، کاتکوشتن و ئاستەنگانەی ڕوون کردەوە کە لەو ماوەیەدا دروستکران بۆ بەلارێدا بردن و نادیدەگرتنی بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دووپاتی کردەوە، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم، دیموکراسیەت، ڕێزگرتن لە بەشداریی سیاسیی دەنگدەران و سەرپێخستنەوەی دامەزراوەکان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سیاسی، یاسایی و نیشتمانیدان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و جێبەجێکردنی هەنگاوە دەستووری و یاساییەکان.
ئاماژەی بەوەش دا، کە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەییی تەواومان هەیە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا بکەن، ڕاشیگەیاند، ''ئەگەر هەر لایەک بڕوای بە ڕێککاری دیکە هەیە یان خۆی پێ زۆرینەیە، با بفەرموون بێنە ناو پەرلەمانێکی کاراوە و لەوێ درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بدەین، چونکە بەدەر لەمە، هەر کارێکی دیکە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، نادیدەگرتنی دەنگی دەنگدەران و بە بارمتەگرتنی پەرلەمانی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکاندا، دکتۆر هێمن هەورامی دوایین هەڵوێست و شیکردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی خستە ڕوو.

