هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، پارتە ئەندامەکان و چالاکوانانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەکات و جەخت لەسەر بەهێزکردنی بەها هاوبەشەکانی وەک دیموکراسی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەکاتەوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەم بۆنەیەدا ڕایگەیاند:
سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال لە ٣ی تەممووزی ١٩٥١ لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، وەک فیدراسیۆنێکی جیهانی بۆ پارتە سۆسیالیست، سۆسیال دیموکرات و دیموکراتەکان دامەزرا. لە کۆنگرەی دامەزراندنیدا، ئەو پارتانەی بەشداربوون «ڕاگەیاندنی مێژوویی فرانکفۆرت»یان پەسەند کرد، کە بنەما سەرەکییەکانی سۆسیالیزمی دیموکراتیی نوێی دیاری کرد، لەوانە ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی لەبەردەم یاسا، فرەحیزبی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و هاوپشتیی نێودەوڵەتی.
لە ئەم بۆنە گرنگەدا، پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگی و پێویستیی بەردەوامی ئەم بەها و بنەمایانە لە جیهانی ئەمڕۆدا دووپات دەکاتەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە جیهان ڕووبەڕووی نادڵنیایی، ململانێ، نایەکسانی و ئاڵنگارییە گەورەکان بووەتەوە. بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری، دیموکراسی، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، هاوکاریی ئاشتییانە و پشتگیری لە خەڵکانێک کە پێویستیان بە هاوکاری سیاسی و پشتیوانی هەیە بۆ دەربازبوون لە چەوساندنەوە و بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکان، هێشتا بنەمایەکی گرنگن بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە دۆستایەتی و هاوکاریی خۆی لەگەڵ سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال و پارتەکانی ئەندام لەم ڕێکخراوە گرنگ و کاریگەرە. ئەم پەیوەندییە ڕۆڵێکی گرنگ و سوودبەخشی هەبووە لە بەهێزکردنی دیالۆگ، تێگەیشتنی هاوبەش، هاوکاریی دیموکراتی و هاوپشتی لەگەڵ گەلی کوردستان و گەلانی دیکە کە هێشتا ڕووبەڕووی ئازار، نادادی، ئاوارەیی و هەڕەشە لەسەر ماف و بوونی خۆیان دەبنەوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە هاوکاریی زیاتر لەنێوان پارتە دیموکرات، سۆسیالیست، سۆسیال دیموکرات و نیشتیمانییەکان پێویستە، بۆ پاراستنی بەها هاوبەشەکان و کارکردن پێکەوە لە پێناو ئازادی، کەرامەت، دادپەروەری، خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ هەموو گەلان.
لەم بۆنە تایبەتەدا، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە، پارتە سیاسییەکان، جوڵانەوەکان، چالاکوانان و دۆستانی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال دەکەین. هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال دەخوازین لە ئەرک و پەیامی خۆیدا، و چاوەڕێین هاوکارییەکانمان لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن و زیاتر بەهێز ببن.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە