Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی نوێی بەحرکە و بەڕێوەبەری ناحیەی کۆڕێ دەستبەکاربوون

هەولێر-KDP.info-  ئەمرۆ چوارشەممە 2026.7.8، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، لە دیوانی وەزارەت، ڕێورەسمی فەرمانى کارگێرى و دەست بەکاربوونى هەریەك لە شاخەوان سدیقە سۆر، وەک قایمقامی قەزای بەحرکە و ئیبراهیم مەلازادە، وەک بەرێوەبەری ناحیەی کۆرێ بەرێوەچوو.

لەڕێورەسمەكەدا، هەریەك لە وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، سوپاس و ستایشی بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد، بۆ بەقەزا بوونی بەحركە و بە ناحییە بوونی كۆڕێ، لە چوارچێوەی گرنگیدانی جەنابیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچە جیاوازەکان. 

هەروەها  وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونیان، هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکە نوێیەکەیاندا بۆ خواستن و پاڵپشتی و هاوکاری تەواوی خۆیان لەپێناو سەرخستنى کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە دانیشتوانى سنوورەكەیان دووپات كردەوە، لە لایەکی تریشەوە، جەختیان لەوەكردەوە كە ئەو ئەركەی پێیان ڕاسپێردراوە بەرپرسیاریێتیەكی گەورە و نیشتمانییە لە ئەستۆیاندا، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی زیاتری ناوچەکە.

لەكۆتایشدا، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر ، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی کاروباری کارگێڕیی ناوخۆیی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کردەوە و هاوكات ئاماژەیان بە پێویستیی نزیکبوونەوەی زیاتر لە هاووڵاتیان و خێراکردنی ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان کرد، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی دامەزراوە حکوومییەکان لە قەزای بەحرکە و ناحیەی کۆرێ، بە جۆرێک کە لە ئاستی خواست و چاوەڕوانییەکانی دانیشتووانی ناوچەکەدا بێت.