Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی و یەکێتیی پەرلەمانتاران: کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستییەکی حەتمیی نیشتمانییە

هەولێر-KDP.info- شاندێکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیان وەک دەزگایەکی شەرعی و پارێزەری ئیرادەی گەل بە پێویستییەکی نیشتمانیی قۆناغەکە ناوبرد، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر ڕاپەڕێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦، دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی، بە یاوەری دکتۆر چنار سەعد عەبدوڵڵا و چیا محەممەد هەرکی، یاریدەدەرانی مەکتەب، سەردانی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەوە پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا، هەردوولا بە وردی تاوتوێی دوایین پەرەسەندنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانیان کرد. بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان زەرورەتێکی مێژوویی و یاساییە، تا سەرجەم دامەزراوە نیشتمانییەکان بتوانن بە تەواوی ئەرکەکانی خۆیان هەڵبستن و متمانەی دەنگدەران بپارێزرێت.

هاوکات، شاندی میوان و دەستەی کارگێڕیی یەکێتیی پەرلەمانتاران جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە، بە ئامانجی پشتیوانیکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و خزمەتکردنی زیاتری پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.