Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەشواق جاف بۆ KDP.info باسی ئامادەكاریەكانی فراکسیۆنی پارتی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان دەكات

سلێمانی-KDP.info- هاوشانی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتی داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧.

د. ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی فراکسیۆنەکەمان لە بەغدا، پرسی مسۆگەرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە. ئێستا ئامادەکاری بۆ داڕشتنی بودجەی ساڵی داهاتوو دەکرێت و ئێمەش پێداگیرین لەسەر گەرەنتیبوونی شایستەکانی هەرێم، چونکە مافی خەڵکی کوردستان تەنیا لە مووچەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو چەندین شایستەی دارایی دیکەش دەگرێتەوە."

 ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان بووە، بۆیە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە بەپێی دەستوور بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت. هاوکات ڕوونی کردەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، جووتیاران، بودجەی وەبەرهێنان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و دەبێت جێگیر بکرێن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. ئەشواق جاف تیشکی خستە سەر پرسی دامەزراندن و ڕایگەیاند، "بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا، پرۆسەی دامەزراندن ڕاوەستاوە. مافی هاووڵاتیانی هەرێمە کە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەر هەلێکی دامەزراندن سوودمەند بن، لەوانەش بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان."

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە کە لەم وەرزە نوێیەدا، کار دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵک لە سەرجەم یاساکاندا پارێزراو بن.

 

قائید میرۆ