ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری شاری ھەولێر، بنكەی تەندروستی خێرخوازی (حاجی زولێخا) كرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2026.7.7، بە ئامادەبوونی زەعیم عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکوومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانى لقى2 و 16ی پارتى و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كەسایەتییەكانی شاری هەولێر، لە گەڕەکى بەختیارى شارى هەولێر لە ڕێورەسمێكدا بنكەی تەندروستی خێرخوازی ( حاجی زولێخا ) كرایەوە، کە لەلایەن خانەوادەی خوالێخۆشبێت ( فاروق حەسەن نانەکەلی ) دروستكراوە.
لە ریورەسمەكەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێكدا وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکە کە، دەستخۆشى لە خانەوادەی خوالێخۆشبێت ( فاروق حەسەن نانەکەلی ) کرد بۆ دروستکردنى ئەم بنکە تەندروستییە لە جۆرى B، هەروەها دەستخۆشى لە سەرجەم خێرخوازانى شارى هەولێر کرد، کە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، وەکو هەولێر و خەڵکى هەولێر هەمیشە پێشەنگ بوونە لە کارى خێرخوازیدا.