Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەنگەر کانەبی بۆ KDP.info: پڕۆژەیەکی گشتگیرمان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان هەیە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچوغی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانی، پڕۆژەیەکی گشتگیرمان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئامادە کردووە دەشڵێ، لە ڕێگەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و موختارەکانەوە دەمانەوێت مه‌ترسییەکانی ئه‌و ماددە کوژەرە لەسەر چینی لاوان دوور بخەینەوە، چونکە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی باشترین چەکە بۆ پاراستنی نەوەکانمان.

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچوغ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان لەگەڵ موختارەکانی سنووری لقەکەمان بەڕێوەبرد لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. مەبەست لەو کۆبوونەوەیەش ئەوەبوو لە ڕێگەی موختارەکانەوە زیاتر جەخت لەسەر مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بکەینەوە، چونکە موختار پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی هەیە و بەردەوام لەنێو خەڵکدایە. بەهۆی کاریگەریی موختارەکانەوە، دەمانەوێت هاوکار بن بۆ ئەوەی هەم چاویان کراوە بێت و هەمیش مەترسیی ماددەی هۆشبەر بە خەڵکی زیاتر بناسێنن، بە تایبەتی بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان لەو مەترسییە گەورەیە پارێزراو بن.

بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچوغ دەشڵێت، ''سەرۆک بارزانی لە زۆر بۆنەدا جەخت لەسەر مەترسی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکاتەوە، ئێمەش وەک ئۆرگانەکانی پارتی پابەندین بە ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی و هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانین، بۆ ئەوەی بە هەموومان پێکەوە بەرەنگاری ماددەی هۆشبەر ببینەوە و کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو بن.

سەنگەر کانەبی گەورە گوتیشی، ''ئێمە پڕۆژەیەکی گشتگیرمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن، بە تایبەتی بۆ چینی لاوان، هەم ئەوانەی پێشتر ئاڵودە بوون تاوەکو دووبارە ئەو مەترسییەیان لەسەر دروست نەبێتەوە، هەمیش ئەوانەی ئاڵودە نەبوونە هۆشیار بکرێنەوە لە مەترسییەکانی ئەو ماددەیە، چونکە هەست دەکەین یەکێک لەو ڕێگەیانەی بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگەی ئێمە و نەهێشتنی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی بەکاردێت، لە ڕێگەی ماددە هۆشبەرەکانەوەیە، لەبەر ئەوە پێویستە خەڵکی ئێمە هۆشیارییان زیاتر بێت، چاویان کراوە بێت و نەکەونە ژێر کاتیگەریی ماددە هۆشبەرەکانەوە.

 

قائید میرۆ