هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە پێناو هەرچی باشتر خزمەتکردن بە هاووڵاتیان، پردێکی پتەوی پەیوەندی لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا دروست کراوە، ئەوەش بەهۆی بەهێزبوونی متمانەی دوولایەنەیە، کە ئەنجامی ئەرێنی لە ئاسانکردنی ناساندن و دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەبووە.
(عەمید کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پردێکی پتەوی پەیوەندی لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتیاندا دروست کراوە، کە هاووڵاتیانی هانداوە بە بەرپرسیارییەوە زانیارییە گرنگەکان لەگەڵ دەزگای پۆلیس هاوبەش بکەن، ئەوەش یارمەتیدەر بووە تا زۆرێک لە تۆمەتباران بە خێرایی دەستنیشان بکرێن و بخرێنە بەردەم یاسا.
بەرزنجی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی و متمانەی نێوان هاووڵاتیان و پۆلیس، تەنیا پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تاوان و تۆمەتباران بە گشتی، هەرچەند ئەو متمانەیەش بەهێزتر بێت، دەرفەتی تۆمەتبار و تاوانباران بۆ خۆشاردنەوە و ڕاکردن لە دەست یاسا کەمتر دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەختیشی کردەوە، پۆلیس بە جددی درێژە بە جێبەجێکردنی یاسا دەدات و هیچ کەسێک لە دەست یاسا ڕزگاری نابێت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پۆلیس هەمیشە خزمەتکاری هاووڵاتیانە و بەردەوام بۆ پاراستنی گیان، سامانی گشتی و تایبەتی و سەقامگیریی کۆمەڵگا کار دەکات.
لە کۆتاییدا، داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەردەوام هاوکاری دەزگای پۆلیس بن و هەر زانیارییەک سەبارەت بە هەر شێوازە پێشێلکارییەک، بە خێرایی بگەیەننە هێزەکانی پۆلیس، چونکە ئەو پەیوەندییە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی پاراستنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا.
ئومێد بابان