Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارکی هەوار دەکرێتە یەکێک لە خۆشترین پارکەکانی سنووری هەولێر

ھەولێر-KDP.info- بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەرە بە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پارکی ھەوار لە بنەسڵاوە دەدرێت و دەکرێتە یەکێک لە خۆشترین پارکەکانی سنووری شاری ھەولێر.

ئەمڕۆ دووشەممە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی (پارکی ھەوار)یان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر کرد بەمەبەستی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە.

لەو سەردانەدا کە کارزان عەبدولھادی سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر ئامادەی بوو، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە کرد کە یەکێکە لە پارکە گەورەکانی شاری ھەولێر و کەوتووەتە سەر ڕێگەی شارۆچکەی بنەسڵاوە و گەڕەکی فەرمانبەران و چەندین کۆمەڵگەی دیکەی نیشتەجێبوون لەو سنوورە لێی سوودمەند دەبن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری نووسینگەی جەنابی سەرۆکی حکوومەت لە چوارچێوەی بایەخدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پەرەپێدان بە ناوچە سەوزاییەکان، جەختیان لەسەر پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە کردەوە.