هەولێر - KDP.info - بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن و تەنیا یەک تاقیکردنەوە ماوە کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدرێت، دواتریش لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن و پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە چووە.
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی زۆر بەباشی بەڕێوە چوون و هیچ گرفتێکی گەورە نەبووە. تەنیا هەندێک گرفتی بچووک هەبوون؛ لەوانە لە هەندێک وەڵامدا دوو بژاردە بە دروست دانراون، هەروەها لە دوو وانەدا گشت بژاردەکان بە ڕاست هەژمار کراون بۆ ئەوەی قوتابی زەرەرمەند نەبێت. ئەو کێشانە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی قوتابیان چارەسەر کراون."
ئاماژەییشی دا، کە لە ئێستادا تەنیا تاقیکردنەوەی تورکمانی ماوە کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیشەوە گوتی: "لە یەکەم تاقیکردنەوەوە بەردەوام ئامادەکاری دەکرێت و کاریان لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەنجامەکان ڕابگەیەنین."بریکاری وەزارەتی پەروەردە جەختی کردەوە کە ڕێگە نەدراوە قوتابی زیانی پێ بگات و بڕیارەکان زیاتر لە بەرژەوەندیی قوتابیان دراون، دوای تاقیکردنەوەی ڕۆژی چوارشەممەش لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن و ئاستی ئەنجامەکان دەردەکەوێت.
بڵند ئیبراهیم