Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

‎بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا پێشوازی لە شاندێکی بزووتنەوەی نەقائی نیشتمانی كرد

بەغدا-KDP.info- لە شاری بەغدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە دکتۆر عەباس ئەلساعیدی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نەقائی نیشتمانی و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، کە بە ئامادەبوونی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ناوەندی سەرکردایەتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی سیاسیی عێراق کرا.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش بریتی بوون لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکان و دۆخی گشتیی وڵات و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی بنەماکانی هاریکاریی هاوبەش لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ پرسە نیشتمانییە هەڵپەسێردراوەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و کارکردنی هاوبەشەوە دەتوانرێت سەقامگیریی بەردەوام لە عێراقدا بچەسپێت.