Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی پێشمەرگە و تێكۆشەری كوردستان كازم شانەدەری

ھەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی به‌هۆی كۆچی دوایی کازم شانەدەری پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و هەڤاڵیی بارزانیی نەمر بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، په‌یامێكی هاوخه‌می بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌ هاوخه‌مییه‌كه‌ی سەرۆك بارزانی:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی پێشمەرگەی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و یەكێك لە یاوەرانی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤییەت و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان (كازم شانەدەری)ـیم پێ گەییشت. كازم شانەدەری قوتابی و شوێنكەوتووی ڕێبازی بارزانی، لەو قارەمانانە بوو كە هەموو ساتەكانی ژیانی خۆی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تەرخان كرد. ژیان و كۆڵنەدان و بەردەوامیی ئەو لە خەباتدا وانەیەكی پڕبەهایە بۆ هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو كازم شانەدەری و هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

لەخودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو كازم شانەدەری بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

 

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

5ی تەممووزی 2026