ھەولێر-KDP. info- لە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پاكیی ژینگەیی و پاراستنی تەندروستیی گشتی، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر كە لەلایەن كۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێ دەكرێت، دەستكرا بە جێبەجێكردنی.
زانیاری پرۆژەکە:
- ئەم پڕۆژەیە بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار، لە ماوەی 60 ڕۆژی سەرەتای دەستبەكاربوونیدا گەیشتووەتە ڕێژەی پێشكەوتنی 2%، بەبێ ئەوەی هیچ دواكەوتنێك لە پلانەكەیدا ڕوو بدات.
- پڕۆژەكە پلانێكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێ دەكات، لە كۆتاییدا توانای پاككردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێكدا دەبێت و لەسەر ڕووبەری 225 دۆنم زەوی لە نزیك گوندی عەرەب كەند لە ڕۆژئاوای شارەكە بنیات دەنرێت.
- ئەم پڕۆژە گەورەیە چوار قۆناغ لەخۆ دەگرێت، ئێستە تەنیا قۆناغی دووەمی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
- قۆناغی دووەم لەسەر ڕووبەری 56 دۆنم زەوی بنیات دەنرێت و توانای چارەسەركردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێكدا.
- ئەو پڕۆژەیە بە بودجەی 579 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و ماوەی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی سەرجەم كارەكانی 730 ڕۆژە. گرێبەستی كارەكە لە 25 ی شوباتی 2026 واژوو كراوە، كارەكانی دەستبەكاربوون و ڕادەستكردنی شوێنی كارەكە لە یەكی نیسانی 2026 ئەنجام دراون.
- بڕیارە بەپێی نەخشەڕێگەكە لە یەكی نیسانی 2028 پڕۆژەكە بە تەواوی كۆتایی بێت، بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی ژمارە 1 ی مانگی ئایاری 2026، تێكڕای كاتی تێپەڕبوو گەیشتووەتە 8.2%، ئەویش هاوتایە بە 60 ڕۆژ و هێشتا 670 ڕۆژ لە ماوەی پڕۆژەكە ماوە بۆ كاركردن.
- ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، یەكەمیان بریتییە لە دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوی قورس. دووەمیشیان ڕاكێشانی بۆڕیی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوەڕۆیە بۆ وێستگەكە بە درێژیی 21930 مەتر و بە تیرەكانی 2800 ملم و 1500 ملم كە لە شەش دەرچەی ئاوەڕۆی سەر شەقامی 120 مەترییەوە ئاو وەردەگرێت.
- لە ڕووی پێكهاتەوە وێستگەكە 20 بەشی جیاوازی تەكنیكی لەخۆ دەگرێت، وەك هێڵی سەرەكیی گواستنەوە، وێستگەی پەمپكردن، شوێنی بێژەكردن، حەوزی لمی، حەوزەكانی نیشتنی سەرەتایی و كۆتایی، حەوزی هەواگۆڕكێ، شوێنی دژەپەتایی، حەوزی هەرسكردن و بەشەكانی كۆنترۆڵكردنی بۆن.