سۆران -KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تایبەت بە KDP.info ڕایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کابینەی نۆیەم، بە گوژمەی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار، ١٤٤٢ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بنەڕەتی لە بوارە جیاوازەکان لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ کردووە."
هەڵگورد شێخ نەجیب، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info گوتی "ئەم پڕۆژانە بوارەکانی ڕێگاوبان، بیناسازی، ئاو، کارەبا و چەندین کەرتی دیکەیان گرتووەتەوە و بوونەتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی دەڤەری سۆران. لەو پڕۆژانە ٥٨٦ پڕۆژەیان تایبەت بە کەرتی ڕێگاوبانن، کە ٤٣٤یان تەواوکراون و ١٥٢ پڕۆژەشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان. لە هەمان ماوەدا، ٢٠ کیلۆمەتر و ٥٠٠ مەتر شەقام و ڕێگا لە قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی سۆران دروستکراوە."
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەش کرد "٢٢٤ پڕۆژە لە کەرتی بیناسازی، ٢٤٠ پڕۆژە لە بواری ئاو و ٢٣٣ پڕۆژە لە کەرتی کارەبا جێبەجێکراون، جگە لە سەدان پڕۆژەی دیکە لە بوارە جۆراوجۆرەکان، کۆی گشتیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سۆران لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گەیشتووەتە ١٤٤٢ پڕۆژە. گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانیش، پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان، ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، شەقامی جووتسایدی ٤٠ مەتری و دووسایدی ٢٥ مەتری پیشەسازی کۆنن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی "ئیدارەی سۆران لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، فراوانبوونی قەزا و ناحیەکانی ناوچەکەش بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت".
ئەژین غەفار