Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەندی ئەوروپای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خولێکی تواناسازی بۆ ئەندامانی کۆتایی پێهێنا

ئەوروپا-KDP.info- بە سەرپەرشتی و ئامادەکاریی بەرپرسی ناوەندی ئەوروپای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، خولێکی تایبەتی و پێشکەوتووی تواناسازی بۆ ئەندامانی ناوەند و بەرپرسی گرووپەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی (Zoom) بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.

خولەکە لەلایەن د. ناسک سەعید (قوتابی دکتۆرا لە بەریتانیا و بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی) پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر چوار تەوەری سەرەکی و ستراتیژی لە کارنامەی خولەکەدا لەوانە (تواناسازی، ئافرەتناسی، میدیا و کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەتی کورد لە دیاسپۆڕا)

بەڕێوەچوونی ئەم خولەش بەشێک بوو لە ستراتیژی ناوەندەکە بە مەبەستی، پێگەیاندنی ئافرەتی کورد لە تاراوگە و بەهێزکردنی پێگەیان لە کۆمەڵگەدا و پاراستنی کلتوور و شوناسی نەتەوەیی لەنێو نەوەکانی دیاسپۆڕادا و بەرەوپێشبردنی ئاستی هۆشیاریی خێزانی و کۆمەڵایەتی بەشداربووان.

لە کۆتایی خولەکەدا، بەشداربووان وێڕای دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ڕێکخەرانی ئەم خولە، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییە هزری و ڕۆشنبیرییانە کردەوە بۆ گەشەپێدانی زیاتری تواناکانیان.