Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی یادى 250 ساڵەی سەربەخۆیی لە ئەمریکا دەکات

ھەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٢٥٠ ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکاوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێم کرد؛ لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر بەرزنرخاندنی بەھا دیموکراتییە ھاوبەشەکان و بەھێزکردنی دۆستایەتیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوەتەوە.

شەممە ٤ـی  تەممووزی ٢٠٢٦،  مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی ٢٥٠ ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە راگەیەندراوێکی بڵاو کرد و تێیدا ھاتووە،: " گەرمترین پیرۆزبایی و باشترین ھیوای خۆمان ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کونسوڵخانەی گشتی لە ھەولێر و سەرجەم گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین بەم بۆنە مێژووییەوە."

راگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم وێستگە مێژووییە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی ئەو بەھا بنەڕەتییانەی ئەمریکای لەسەر دامەزراوە، لەوانەش؛ ئازادی، دیموکراسی، حوکمڕانیی دەستووری، ھەلی یەکسان، و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ؛ جەختیشی کردووەتەوە، ئەم پرەنسیپانە لە ماوەی ٢٥٠ ساڵی رابردوودا وەک سەرچاوەی ئیلھام بۆ گەلانی جیھان ماونەتەوە و رۆڵی مێژوویی ئەمریکایان لە پشتگیریکردنی ئاشتی، سەقامگیری، و گەشەپێدانی دیموکراسیدا لە جیھاندا نەخشاندووە.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھەولێر و واشنتن، پارتی جەختی کردەوە، ئەم بۆنەیە مانا و گرنگییەکی تایبەتی بۆ گەلی کوردستان ھەیە. پارتی ھاوبەشی و دۆستایەتیی دێرین و مێژوویی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکای بەرز نرخاند، و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی واشنتن و رۆڵی دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەربڕی کە ھاوکار بوون لە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا.

لە پەیامەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە پابەندبوونی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی، رێزی ھاوبەش و ھاوکاریی نێوان پارتی، ھەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشاندا، ھەروەھا، ھیوای بەردەوامیی ئاشتی، گەشەسەندن و سەرکەوتن بۆ حکوومەت و گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخوازین، و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر دەکەین بۆ بەردەوامیی ھاوبەشی و دۆستایەتییەکەیان."