Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی دەستە بۆ KDP.info: نزیکەی ٨٠ کۆمپانیا دێنە هەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەستکەوتە ئابووری و بازرگانییەکانی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ وڵاتی ئیسپانیا دەخاتە ڕوو. محەمەد شوکری دەڵێ، نزیکەی ٨٠ کۆمپانیای گەورەی ئیسپانی بۆ کاری وەبەرهێنان دێنە هەرێم و لە مانگی ١١ی ئەمساڵیشدا کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووریی هاوبەش لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی زۆر ستراتیژیی هەبوو، لەوانە کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیادا لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت، نزیکەی ٨٠ کۆمپانیا، نوێنەرانی حکوومەت و هەرێمەکانی ئیسپانیا دێنە هەرێمی کوردستان بۆ کاری وەبەرهێنان و بازرگانی، کە لە ئێستاوە بەرنامەی تەواومان بۆ داناون.

محەمەد شوکری گوتیشی، ''لەگەڵ یانەی وەرزشیی خێتافی (Getafe CF) خەریکی ڕێککەوتنێکی گرنگین بۆ ئەوەی واژۆ بکرێت، گەر ئەم پڕۆژەیە سەر بگرێت، خزمەتێکی گەورە بە کەرتی وەرزش لە هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ هەرێمی کاستێلۆن کردووە بۆ هەمائاهەنگیی ئابووری، بازرگانی و گۆڕینەوەی قوتابییان، کە ئەمەش قازانجی گەورەی بۆ هەرێمەکەمان دەبێت.

دەشڵێت، ''جگە لەوانەش، سەنتەری کوردی - ئیسپانیی بازرگانیمان کردووەتەوە کە ئاسانکاریی زۆر باش بۆ بازرگانان و پرۆسەی هاوردە و هەناردە دەکات. لە هەمووان گرنگتر، ئەو کۆبوونەوانەی لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم، بازرگانانی کوردستان و لایەنە ئیسپانییەکاندا کران، ئەنجامی زۆر دڵخۆشکەریان دەبێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمەکانیان زیاتر ئاشکرا دەبن.

 

بڵند ئیبراهیم