Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی بۆ KDP.info: تا ئێستا١٠٠ هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی لە ناوی فەرمانبەران، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس زەوییان وەرگرتووە و پرۆسەکەش بە خێرایی لە شارە جیاوازەکاندا بەردەوامە. 

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئێمە لە وەزارەتی شارەوانیدا نزیكەی ٥٠٠ هەزار فەرمانبەر وردبینیمان بۆ کردوون و ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە. دوای تەواوبوونی وردبینی، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس زەوییان وەرگرتووە و پرۆسەکەش بەردەوامە. وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ شارەوانییەکاندا کۆبوونەوەی کردووە و داوای لێ کردوون هەنگاوی جدی بنێن، لە ئێستادا هەنگاوەکان خێرا بەڕێوەدەچن لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ و شارەکانی دیکەش.

سەربەست مەولود گوتیشی، ''لیژنەیەکمان پێکهێناوە لە هەولێر بۆ ئەوەی زەوییەکان بکەنە تاپۆ بە ناوی شارەوانییەوە و دواتریش بە ناوی فەرمانبەرانەوە بکرێن، نەک بە کارت دابەش بکرێن و کاتی زۆری بوێت تا تاپۆ دەکرێن. هەر بۆیە ئەوە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی فەرمانبەران دوای وەرگرتنی زەوی بتوانن ڕاستەوخۆ بە ناوی خۆیانیان بکەن، بۆیە وەزارەتی شارەوانی بە جدی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە خێرایی و بێ گرفت بەڕێوە بچێت.

دەشڵێت، ''وەزارەتەکان ناوی فەرمانبەرانی گرێبەستیان بۆ ئەنجومەن ڕەوانە کردووە کە مەرجی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە، چاوەڕێ دەکەین بۆ ئێمەی ڕەوانە بکەن بۆ وردبینیکردن و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی تا ئەوانیش زەوی وەربگرن، کە ئەمە بڕیاری جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوی وەر بگرن.

 

بڵند ئیبراهیم