Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حکوومی کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- لە درێژەی کار و چالاکییە ڕێکخراوەییەکاندا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو کە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و یاریدەدەران، بەرپرسی لقەکان، ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، تەوەرێکی سەرەکی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەوپەڕی نەرمی و سەخاوەتی نواندووە، بەڵام بەداخەوە لەبەرانبەردا وەڵامێکی پێچەوانە وەرگیراوە.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. لەم ڕووەوە، داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا کە کارئاسانی تەواو بۆ کاروباری هاووڵاتیان بکەن و کارەکانیان بە زووترین کات ڕایی بکەن، جەختیش لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان سەرجەم ئۆرگانەکاندا کرایەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.