هه‌ولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌دوای كێشه‌ی هاووڵاتییاندا ده‌چێت، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ده‌ڵێ "لیژنه‌مان پێكهێناوە بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌كان."
نەسره‌ت سۆفی،په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ڕاسته ئێستا په‌رله‌مان كارا نیه و كۆبوونه‌وه‌كان به‌ڕێوه ناچن، به‌ڵام فراكسیۆنی پارتی به‌ره‌ده‌وام له‌ناو خه‌ڵكه و به‌دوای كێشه‌کان و داواكاری هاووڵاتییاندا ده‌چێت، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌ناو فراكسیۆنی پارتی پێكهاتوون، ئه‌ركیان به‌دواداچوونه بۆ كێشه و گرفته‌كانی هاووڵاتییان، واته ڕۆژانه چه‌ندین سه‌ردان و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه و سكاڵایانه ده‌كرێت كه ده‌گه‌نه فراكسیۆنی پارتی."
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی گوتیشی "ڕۆژانی ڕابردوو فراكسیۆنی پارتی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامدا، بڕیاردرا به‌دوای چه‌ند پرسێكدا بچن كه ئێستا لە ئارادان، بۆ نموونه كێشه‌ی كه‌می به‌نزین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته فراكسیۆنی پارتی سه‌ردانی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها كێشه‌ی موەلیده ئه‌هلییه‌كان و هه‌ر كێشه‌یه‌كی دیكه هه‌بێت ئێمه لێیدەکۆڵینەوە."
نەسره‌ت سۆفی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئێمه پابه‌ندین به‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن داومانه به خه‌ڵكی كوردستان و له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی لیستی پارتی، په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنی پارتی له‌نێو خه‌ڵك ده‌مێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه تا ئێستا به‌دواداچوون بۆ چه‌ندین پرس بكرێت."
قائید میرۆ