Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش، کارەکان خێراکراون و لە نیوەی ماوەی دیاریکراودا تەواو دەکرێت

بەردەڕەش-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەردەڕەش ڕایگەیاند کە کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش بە شێوازێکی بەرچاو خێراکراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، بەھۆی ئەمەشەوە بڕیارە پڕۆژەکە لە نیوەی ئەو ماوەیەی کە بۆی دیاریکرابوو تەواو بکرێت.

ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە کارەکان بە قۆناغ و بە خێراییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە زووترین کاتدا بخرێتە گەڕ. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠%ی کەلوپەلەکان کە لە دەرەوەی وڵات ھاوردە کراون دابین کراون، و ھاوکات لە کۆی ١٨ کۆگای ئاو، لە ئێستادا لە ١٦ کۆگادا کارەکان بەردەوامن.

ناوبراو دەشڵێت، پڕۆژەکە لە چەندین بەشی سەرەکی و پێشکەوتوو پێکھاتووە، وەک وەرگر بۆ وەرگرتنی ئاو لە زێ، وێستگەی پاڵاوتن بە بەکارھێنانی پێشکەوتووترین ئامێر و تەکنەلۆژیا، لەگەڵ تۆڕی دابەشکردنی ئاو. ئەم پڕۆژە مەزنە دەبێتە ھۆی دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ قەزای بەردەڕەش، ھەر سێ ناحیەکەی و سەرجەم گوندەکانی دەوروبەری، بەمەش کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت و لە ئەنجامدا ٢٥٠ بیری ئاوی خواردنەوە دادەخرێن.

سەبارەت بە ماوەی جێبەجێکردن، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش دەڵێ، لە سەرەتادا ٩٠٠ ڕۆژ بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دانرابوو، بەڵام بەھۆی خێراکردنی قۆناغەکان، بڕیارە پڕۆژەکە تەنیا لە ماوەی ٤٥٠ ڕۆژدا (واتە لە نیوەی کاتەکەدا) تەواو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، بڕی ٤١٨ ملیار دیناری بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە تەرخان کردووە، کە ئامانج لێی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پشتنەبەستن پێی و سوودوەرگرتنە لە ئاوی سەر زەوی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییان.

 

بڵند ئیبراھیم