Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"فەڕەنسا ڕۆڵێکی گرینگ لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەگێڕێت"

​ھەولێر-KDP. info-  پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە بەهێزترین و جێگیرترین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. لەم بارەیەوە، هەندرێن بادیلی، پسپۆر لە بواری یاسا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم هاوبەشیی و پەیوەندییە بەھێزەی فەرەنساو ھەرێم.

​هەندرێن ئەحمەد بادلی پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە ماڵپەڕی فەڕمیی پارتی ڕاگەیاند "پەیوندی نێوان کۆماری فەڕەنسا و هەرێم پەیوەندییەکی مێژووییە و لەسەر بنەمای چەندین خاڵی گرنگ داڕێژراوە، لەوانەش، یارمەتی مرۆیی، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی، هەماهەنگی سەربازی، بەرژەوەندی ئابووری، لەگەڵ گەشەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکان." 

​لەسەر مێژووی چەکەرەکردنی ئەم دۆستایەتییە، هەندرێن ئەحمەد بادلی ئاماژەی بە قۆناغەکانی پێشوو کرد و گوتی "مێژووی دەوڵەتی فەڕەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی دانیال میتڕان، خێزانی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسا، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان پاڵپشتییەکی بێوێنەی کوردەکانی کرد، ئەمەش لەڕێگەی حەواندنەوە و پاڵپشتیکردنی پەنابەرە کوردەکان و هاوکاریکردن لە دامەزراندنی پەیمانگای کوردی لە پاریس ڕەنگی دایەوە." 

​لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو پسپۆرەی بواری یاسا تیشکی خستە سەر قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکان و گوتی "دەوڵەتی فەڕەنسا کاریگەریی یەکجار گەورەی بینی لە دامەزراندنی هێڵی دژەفڕین و دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ (کە لە دەقەکەدا بە ٩٨٨ ئاماژەی پێکراوە) تایبەت بە پاراستنی کوردەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەمەش گەلی کوردی لە ستەمکاری و ستەکانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩١ پاراست.

 دەوڵەتی فەڕەنسا ڕۆڵێکی کاریگەریشی هەبوو لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش، ئەمەش لەڕێگەی دابینکردنی چەک، پێشکەشکردنی پاڵپشتی سەربازی، ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بوونی بە ئەندامێکی چالاک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش." 

​لە کۆتایی لێدوانەکەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بادیلی جەختی کردەوە "ئێستا دەوڵەتی فەڕەنسا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە نێوەندگیریی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەوەی هەمیشە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی تەواوی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ دەکاتەوە." 

 

کرمانج گوانی