Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێوەرێك بۆ هەمووان

عارف ڕوشدی

پێشینانمان جوانیان فەرمووە: "پیاو بە ئیشە، نەک بە ڕیش". ئەم پەندە مێژووییە واتا و مەغزایەكی قووڵی هەیە و تەنیا گوزارشت لە ڕەفتاری تاکەکان ناکات، بەڵکو باشترین پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزە سیاسییەکان و کابینە و یەكە کارگێڕییەکان. پێوەرە بۆ ئەدای حزبی سیاسی و حكوومەت و دەوڵەتدارییش، پێوەرە بۆ سیاسەتی ڕاستەقینەی نیشتیمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی، چونكە هەموویان بەم پێوەرە دەتوانن پشتیوانی و متمانەی خەڵک و جەماوەر بەدەستبهێنن. جوانترین و ڕاستترین نموونەی زیندووش لەم هاوکێشەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە سەلماندوویانە کار و پڕۆژە مەیدانییەکان باشترین وەڵامن بۆ نەیاران و نیشانەی ڕاستگۆیین لەگەڵ جەماوەر.

پڕۆژە بەردەوام و نوێیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو کێشە داراییەكان، کۆسپ و تەگەرەی ساردکەرەوەکان، بە شێوەیەکی بەردەوام خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، ئەوانەی ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدان یان تازە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، گەواهی کارایی ئەم کابینەیەن. 

لەم ڕۆژانەی دواییدا، ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ستراتیژیی (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی عەنکاوە)ـی کردەوە کە سیمایەکی شارستانیی نوێ دەبەخشێتە ناوچەکە. هاوکات لە کەرتی تەندروستیدا، بەردی بناغەی کۆمپانیایی گەورەی دروستکردنی دەرمان لە زاخۆ دانرا، شانبەشانی دانانی بەردی بناغەی باخچەیەکی گەورە و مۆدێرن لە شەقڵاوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار.

لەسەر ئاستی ژێرخانی ڕێگەوبانیش، کارە ئەندازیارییە باڵاکان لەسەر ڕێگەی کۆیە-هەولێر بە خێراییەکی بەرچاو بەردەوامن و پڕۆژەی ڕێگەی باعەدرێ-دهۆکیش گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، وەک چۆن ڕێگەی دوکان-هیزۆب لە کۆتاییهاتن دایە. لە هەڵەبجەی شەهیدیش، کارگەی کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بۆ لێکدانی پارچەکانی ئۆتۆمبێل کرایەوە، کە هەلی کار و بوژانەوەی ئابووری لە شارەكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕووی سەربازیی و ئەمنیشەوە، پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک خولێکی هاوبەشی ڕاهێنان بە سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هەردوو فەرماندەی (١ و ٢) دەستیپێکردووە.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی بژێوی جووتیارانیشدا پێشەنگ بووە، بۆ کەمکردنەوەی زەرەری دارایی بەهۆی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی بەغدا لەسەر وەرنەگرتنی گەنمی ئەمساڵ، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا بە هەماهەنگی کەرتی تایبەت تەواوی گەنمی جوتیاران بکڕدرێتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، بنیاتنانی مزگەوتی گەورەی (بارزانی نەمر) لە هەولێری پایتەخت دەبێتە شاکارێکی کلتووری و ئایینی مەزن. هەروەهاش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە و بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزب، لە پارێزگای دهۆک ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بەکۆمەڵ بۆ ٤٠٠ گەنج ڕێکدەخرێت و بڕی ١٠ ملیۆن دینار بۆ هەر بووک و زاوایەک دابین دەکرێت.

بەم شێوەیە، حکوومەتی هەرێم بەبێ خۆهەڵکێشان و دروشمبازی، سەرقاڵی خزمەتە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزە ڕەسەن و خەمخۆرەکە، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە نیشتیمانییەکەی لەپێناو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم لە ڕێگەی گفتوگۆی هاوسەنگ و بەرهەمدار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.