Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر چیمەن بۆ KDP.info: بەدامەزراوەیکردنی پێشمەرگە زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانمانە

ھەولێر-KDP.info- لە هەنگاوێکی ستراتیژی و مێژووییدا بەرەو پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، قۆناغی یەکەمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی (١ و ٢)ی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بە چاودێری هێزەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت، ئەم پڕۆسەیە کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و پێنتاگۆن جێبەجێ دەکرێت، زامنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستکەوتە دەستورییەکانمانە."

دکتۆر چیمەن بابەكر بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت بە مەبەستی ڕێکخستنی دەسەڵاتە کارگێڕی، دارایی و یاساییەکانی فەرماندەی دەڤەرەکان، بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکان بخرێنە ژێر چەتری یەکگرتووی وەزارەتی پێشمەرگە.

دکتۆر چیمەن گوتیشی، "بەدامەزراوەیکردنی هێزەکانمان، زامنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستکەوتە دەستورییەکانمانە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا،  دکتۆر  چیمەن بابەكر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆسەی یەکخستنەوەکەی باس كرد و گوتی، "ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە نێوان هەرێمی کوردستان و پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) واژووکراوە  كە بەپێی ڕێککەوتنەکە، پێویستە تا تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆسەی یەکخستنەوەی گشتیی هێزەکان بە تەواوی کۆتایی بێت و ڕێکخستنی دەسەڵاتە دارایی، کارگێڕی و یاساییەکان و کۆکردنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر یەک فەرماندەیی نیشتمانیدا.

 

ئەژین غەفار