ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی باش بەڕێوەدەچن، دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی باش بەڕێوەدەچن و داواکارم لە مامۆستایانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی واز لە بابەتی سۆشیال میدیا بێنن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر قوتابی دروست نەکات، چونکە وەزارەتی پەروەردە ڕێکاری خۆی گرتووەتە بەر بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان، لە تاقیکردنەوەی بایەلۆجی گرفتێک ھەبووە، لیژنە پێشنیاری کردووە قەرەبوویان بکاتەوە، تاقیکردنەوەکانی دیکەش ئاسایی بوون."
د.ئاڵان حەمە سەعید گوتیشی، "١٩ھەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە بەڕێوەبردنی ئەزموونەکان بەشدارن، زیاتر لە ١١٧ ھەزار قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوە کردووە، پڕۆسەکەش باش بەڕێوەدەچێت، ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دوای تاقیکردنەوەکانیش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین."
وەزیری پەروەردە دەشڵێت، "تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی زۆر باش بەڕێوەدەچن، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بەھیمەتی مامۆستا و سەرپەرشتیارانە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدرێن."
بڵند ئیبراهیم