ئیسپانیا -KDP. info- سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان گوتی "له میانه‌ی سه‌ردانمان بۆ وڵاتی ئیسپانیا، دوو كۆڕبه‌ند له‌گه‌ڵ دوو هه‌رێمی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام ده‌دەین و ئامانجمان ئه‌وه‌یه ئاستی وه‌به‌رهێنانی ئیسپانیا له هه‌رێمی كوردستان زیاتر بێت، بۆیه دوێنی یه‌كه‌م كۆڕبه‌ندی ئابووری به‌رهه‌مدار ئه‌نجامدرا."
د.محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئامانج له سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئیسپانیا ئه‌نجامدانی دوو كۆڕبه‌ندی ئابوورییە له‌گه‌ڵ دوو هه‌رێمی ئه‌و وڵاته له سێكته‌ری كشتوكاڵ، ئاو و پیشه‌سازی خۆراك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ وڵاتی ئیسپانیا به‌گشتی."
د.محه‌مه‌د شوكری گوتیشی "ده‌مانه‌وێت وه‌به‌رهێنانی ئیسپانی له هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكرێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش و پشتگیری له پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و سود له ئه‌زموونی وڵاتی ئیسپانیا وه‌رگرین، بۆیه گفتوگۆی زۆر به‌رهه‌مدارمان له‌گه‌ڵ ئیسپانیا هه‌بووه و زۆر بابه‌تی گرنگیش باس كراون، ته‌نانه‌ت دیدار و كۆبوونه‌وه له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم و وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام دران و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته كاری باشمان كردووه، گه‌شبینین ئه‌نجامی زۆر باشی ببێت."
دوێنی كۆڕبه‌ندێك له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی مورسیای ئیسپانی ئه‌نجام درا و چه‌ندین هه‌لیكاریش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كۆڕبه‌نده ڕه‌خسێندرا، كه تێیدا شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی مورسیا و نوێنه‌ری 65 كۆمپانیای ئیسپانی و 30 كۆمپانیای هه‌رێمی كوردستان تێیدا بەشدار بوون."
بڵند ئیبراهیم