Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر: توانیومانە زیاتر لە ٩٥%ـی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ببڕین

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، چەند ساڵێکە پرۆسەی چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکردووە، گرفتی گەورە هاتووەتە بەردەم ئەم پرۆسە چارەنووسسازە، بەڵام توانیمان بەسەر هەموو ئەو گرفتانەدا زاڵ ببین.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، شوڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، جەختی لەوەش کردەوە، پرۆسەی چاکسازی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمە خەونی هەموو تاکێکی کوردییە.

​شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی، "مەشقێکی هاوبەش کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ هەردوو دەڤەری ١ و ٢ ڕێکخراوە، لە بارەگای دەڤەری ١ دەستپێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پێشخستنی تواناکانی پێشمەرگە."

 ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پێ دەنێنە قۆناخێکی نوێوە، کاتێک لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا و وەک یەک تیم کار دەکەن. هیوادارم ئەم دەستکەوتە مێژووییە سەرەتایەک بێت بۆ هەنگاوی گەورەتری دیکە.

گوتیشی، ​هێزی پێشمەرگە تەنیا هێزە کە دەتوانێت بە تەواوی پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکات.

وەزیر دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە لە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان. ​هەرچەندە هێزەکانی پێشمەرگە بەهێزتر و ڕێکوپێکتەر بن، هێندە زیاتر ئاشتی، ئارامی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت.

وەزیری پێشمەرگە گوتیشی، توانیومانە زیاتر لە ٩٥%ـی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ببڕین، ئێستا پێشمەرگە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و سوپاسالارەوە فەرماندەیی دەکرێت، ڕاشیگەیاند، گرفت ماوە بەڵام یەکخستنەوەکە دەستکەوتێکی گەورەیە.

شۆرش ئیسماعیل گوتی، پێشمەرگە لەو ئاستەیە کە دەتوانێت کارەکانی خۆی بەسەرکەوتوویی بکات، کەدەیان ساڵە توانیویەتی بەرگریی بکات، بەڵام ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ هاوپەیمانان دروستمان کردووە بەردەوام دەبێت.

شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی مەشقەکانی دەڤەری ١ و ٢، وتارێکی دا و رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بارەگای فەرماندەیی دەڤەری یەک، مەشقێکی سەربازیی ستراتیژی و زانستی بۆ ئەفسەرانی پلەباڵای هەردوو فەرماندەیی دەڤەری ١ و ٢ بە سەرپەرشتی ڕاوێژکارانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد. ئەم مەشقە کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، ئامانجی سەرەکی گەشەپێدانی توانای بڕیاردانی یەکگرتووی سەربازی و هاوئاهەنگی نێوان فەرماندەییە مەیدانییەکانە، کە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە شێوازی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا هەژمار دەکرێت.

شۆرش ئیسماعیل گوتیشی، ئەم مەشقە سەربازییەی ئەمڕۆ وەک قۆناخێکی نوێی پێشکەوتوو داڕێژراوە لەسەر بنەمای زانستی سەربازیی هاوچەرخ، بۆ دروستکردنی بڕیاری ستراتیژیی یەکگرتوو لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا. ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ چەسپاندنی یەک بڕیاری و یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە، هەمیشە چاومان لەوەیە کە هێزی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا، کە لە سەرەتای دەسپێکردنی پرۆسەی چاکسازییەوە لەگەڵماندا بوون، تا کۆتایی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەکە لەگەڵماندا بن و بەردەوام بن. ڕۆڵی دڵسۆزانە و پڕ لە ئەزموونی ئێوە، پشتیوانییەکی بەردەوامە بۆ گەیشتنمان بە ئامانجە باڵاکانی پرۆسەی 

وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت، بنیادنانی دوو دەڤەری سەرکردایەتی سەربازی و ١١ فیرقەی پیادە لەژێر فەرماندەیی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدان، وەرچەرخانێکی گرنگ و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بنیادنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان،  چەند هێزی پێشمەرگە بەهێز و بەتوانا بێت، هێندە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستاندا پارێزراوتر دەبێت."