کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ڕێکخراوەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی، گۆڕانکاری لە بەرپرسیاریەتی هەردوو لقی ٣ی کەرکووک و لقی ٢٥ی دەوروبەری کەرکووک جێبەجێ کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، نوێنەرانی بەشەکانی (ڕێکخستن) و (کارگێڕی و دارایی) مهكتهبی سیاسی، ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستن، ستافی کارگێڕی لقەکان و هەڤاڵانی ناوچەکان، مەراسیمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمی یەکەمدا، سیروان سەید عاسی وەک بەرپرسی نوێی لقی ٣ی کەرکووکی پارتی دەستبەکاربوو. لە میانی مەراسیمەکەدا، هیوا ئەحمەد مستەفا ستایشی ڕۆڵی محەمەد کەمال، بەرپرسی پێشووی لقی ٣ی کرد لەپای ئەو خزمەت و ماندووبوونە بێوچانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پتەوکردنی ڕێکخستن و پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک کێشاویەتی، وەک قوتابییەکی دڵسۆزی ڕێبازی بارزانی. هاوکات پیرۆزبایی لە بەرپرسی نوێی لق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

له لایهكی ترهوه و هەر ئەمڕۆ، مەراسیمی دەستبەکاربوونی تەنیا تۆفیق وەک بەرپرسی نوێی لقی ٢٥ی دەوروبەری کەرکووک بەڕێوەچوو. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سیروان سەید عاسی (بەرپرسی پێشووی لقەکە) کرد بۆ ئەو دەورە سەرکەوتووەی لە ماوەی کارکردنیدا لەو سنوورەدا گێڕاویەتی. هاوکات ئاماژەی بە مێژووی خەبات و دڵسۆزیی تەنیا تۆفیق لە ئۆرگانە جیاوازەکانی حزبدا کرد و هیوای خواست بە هەمان گەرموگوڕییەوە لە ئەرکە نوێیەکەیدا بەردەوام بێت.

لە کۆتایی هەردوو مەراسیمەکەدا، هیوا ئەحمەد مستەفا دووپاتی کردەوە کە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی هەردوو لقی ٣ و ٢٥ دەبێت بۆ سەرخستنی کارووبارە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان لە دەڤەرەکەدا.