Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەورامی نەخشەڕێگەی نوێی بەشی ڕێکخستن بۆ بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی پارتی دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی، ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لەگەڵ لقی ١٠ی سۆران، نەخشەڕێگای داهاتووی بەشی ڕێکخستنی بۆ پەرەپێدانی کارووباری حزبی خستەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٦، ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی، لەگەڵ یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و، ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی کار و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری ڕێکخستنی ئۆرگانەکان، سەردانی لقی ١٠یان لە شاری سۆران کرد.

لە دیدارێکی بەرفراواندا کە بە ئامادەبوونی بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرسی ناوچەکان، کارگێڕانی ڕێکخستنی ناوچەکان و بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو، ھێمن ھەورامی پوختەیەکی لەسەر سەرجەم پلان، بەرنامە و پڕۆژەکانی بەشی ڕێکخستن خستە ڕوو، کە ئامانج لێیان برەودانی زیاترە بە ئاستی چۆنایەتی و چەندایەتی ڕێکخستنەکان بۆ بەجێگەیاندنی سەرکەوتووانەی ئەرکە گشتییە سیاسی و حزبییەکان.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا، ھەڵسەنگاندنێکی ھەمەلایەنە بۆ چەندین تەوەری تەنزیمی و پلانەکانی داھاتووی پارتی کرا، پاشان دەرگای گفتوگۆی کراوە لە نێوان ئامادەبوواندا کرایەوە و لەلایەن بەرپرسی بەشی ڕێکخستنەوە بەوردی وەڵامی پرسیار، تێبینی و پێشنیارەکانی ھەڤاڵان درایەوە بە ئاراستەی باشترکردنی ڕەوتی کارەکان.