Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

​لە سۆران؛ شۆڕشێکی ئابووری لەلایەن ئافرەتانەوە دەستی پێکردووە

سۆران-KDP.info-  ​بە درێژایی سێ دەیە، هێڵی پێشەوەی کۆمەڵگەی سۆران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئافرەتان چیتر چاوەڕێی بڕیارە ئابوورییەکان نین، بەڵکو خۆیان بوونەتە بزوێنەری سەرەکی بازاڕ و سەقامگیری خێزانەکان، گۆڕانکارییەک کە پسپۆڕان بە "گواستنەوەیەکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە ناوی دەبەن.

​ئیدارەی سۆران لەم ساڵانەی دواییدا شایەتحاڵی وەرچەرخانێکی گەورە بووە؛ ژنانی ئەم دەڤەرە لە ڕۆڵی تەقلیدی ناو ماڵەوە بەرەو بەشداریی کارای ئابووری هەنگاویان ناوە. نەبەز مامل ناسر، مامۆستای زانکۆی سۆران و بڕیاردەری ناوەندی جینۆساید و جێندەر و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، ئەم وەرچەرخانە وەک بەردی بناغەی گەشەپێدانی نوێ دەبینێت.
​نەبەز مامل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "ئیدارەی سۆران، لە ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی گواستنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان لە کاری ناو ماڵەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئابووری. ئەم گۆڕانکارییە بزوێنەرێکی سەرەکییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خێزان و داڕشتنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی سۆران."

​ئەو پێی وایە کارکردنی ژنان لە کەرتە گشتییەکاندا وەک قەڵغانێکی ئابووری کار دەکات. ناسر زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: "کارکردنی ژنان لە کەرتی گشتی و بە تایبەتیش لە سێکتەری پەروەردە، تەندروستی و کارگێڕی وەک کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیری خێزانەکان دادەنرێت، لە ڕووی ئابوورییەوە، داهاتی جێگیری کەرتی گشتی، هێزی کڕینی خێزانی لە شاری سۆران پاراستووە لە بەرانبەر شۆکە دارایی و هەڵاوسانەکانی بازاڕ، هاوکات تا ڕادەیەک هاوکار بووە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک نیشتەجێبوون و تەندروستی و پێشکەوتنی نەوەکان لەڕووی پەروەردە و فێرکردن."

​بەشێکی دیکەی ئەم کاریگەرە ئابوورییە، لە کەرتی تایبەتدا دەردەکەوێت کە ژنان تێیدا بوونەتە دەستپێشخەر، ئەو دەڵێت: "کەرتی تایبەت لە ئیدارەی سۆران نوێنەرایەتی کایەی داهێنان و بوێریی ئابووری ئافرەتان دەکات، کە تێیدا ئافرەتان لە پێگەی خاوەنکار و وەبەرهێنەر خۆیان دەبیننەوە، لەڕێی پڕۆژە گەشتیارییەکان، سەنتەرەکانی فێربوون، بڕاندە ناوخۆییەکانی جلوبەرگ و پیشەسازییە بچووکەکانی خۆراک، ژنان توانیویانە جووڵەیەکی بەردەوام لەنێو بازاڕی ئیدارەی سۆران دروست بکەن و کێشەی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆ کەم بکەنەوە."

​بە بڕوای ئەو، ئەمە تەنیا داهات نییە، بەڵکو شوناسێکی نوێیە: "ئەمەش جۆرێک لە سەربەخۆی دارایی ڕەها و متمانەبەخۆبوونی ئافرەتان. لەم سۆنگەیەوە بەشداری ئافرەتانی دەڤەری سۆران، لە گەشەسەندنی ئابووری ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەیە لە کارکردن و پێشخستن و ڕێکخستنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانەکان."
ئاوات سەلیم، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و پسپۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "جێگای دڵخۆشییە لە ئیدارەی سۆران، ئامادەیی و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کار و کەرتی گشتی و تایبەتدا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هاتنە پێشەوەی ئافرەتان لە کۆمەڵگە، هێز و باوەڕبەخۆبوونیان پتر دەکات و ئاستی هۆشیاریی خێزان و کۆمەڵیش زیاتر دەکات."
مامۆستا ئاوات، هەرچەند پێی وایە لە ئیدارەی سۆران خانمان پێشکەوتنی باشیان بەدەستخستوو و سەرەڕای تێکەڵبوونی زیاتریان بە کایەی گشتی، هێشتا لەبەردەم بەربەستی پێکهاتەیی و کلتووریدان، بە جۆرێک کە دەرفەت و چانسی گەیشتنیان بە پۆستە باڵاکانی وەک بەڕێوەبەرایەتی سنووردارە."

هیڤی شیڤی، مامۆستای قوتابخانە و چالاکوان دەڵێت،: "کارکردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ گرنگییەکی زۆری هەیە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە دەبێت. ئێستا ئافرەتانی سۆرانیش شانبەشانی پیاوان لە هەموو بوارەکان کار دەکەن، هەرچەندە ئەم ڕۆڵە نوێ نییە، لە ڕابردووشدا ژنان لە شۆڕشەکان نانیان بۆ پێشمەرگە دروست دەکرد، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان یارمەتی هاوسەرەکانیان دەدا و بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چوونەتە دەشت و دەر، ئەمەش نیشان دەدات ژن هەمیشە بەشێک بووە لە کار و بەڕێوەبردنی ژیان. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییەکانی ژیانی مۆدێرن، بەڕێوەبردنی ژیان بە تەنیا و بە کارکردنی یەک کەس ئاسان نییە. بۆیە کارکردنی ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویست و گرنگ بووە."

ئەژین غەفار