ھەولێر-KDP.info- سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێ "پارتی به ده‌ركردنی به‌یاننامه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان کارێکی باشی کرد، به‌یاننامه‌کە بیانووبڕه و كۆتایی به موزایه‌ده‌ی هه‌ندێ لایه‌ن دێنێ كه گوتیان بۆچی په‌رله‌مان كارا ناكرێته‌وه."
ئازاد جندیانی، سیاسه‌تمه‌داری كورد به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پارتی هه‌نگاوێكی گرینگی نا، له‌و دۆخه‌دا به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و داوای له لایه‌نه‌كان كرد په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێت، چونكه له‌م ڕه‌وشه تایبه‌ته‌دا پێم وایه پارتی كارێكی باشی كرد به لایه‌نه‌كانی گوت "فه‌رموون وه‌رن با په‌رله‌مان كارا بكه‌ینه‌وه"، به‌ڕاستی موزایه‌ده‌ی زۆر له‌سه‌ر پارتی ده‌كرا گوایه په‌رله‌مان كارا نییه، پارتی هۆكاره بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، به‌ڵام پارتی به ده‌ركردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه كۆتایی به هه‌موو ئه‌و موزایه‌دانه هێنا كه تا پێش ده‌ركردنی به‌یاننامه‌كه به‌سه‌ر پارتی دا ده‌كرا."
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورد ده‌شڵێت "پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێشتر داوای كاراكردنی په‌رله‌مانیان ده‌كرد ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه؟ هه‌روه‌ها كۆتایی به‌و كێشمه كێشمه بێنن كه پارتی هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كارا نیه؟
پارتی ده‌ڵێ فه‌رموون با په‌رله‌مان كارا بكه‌ین و ئه‌وه‌ی له میدیا ده‌گوترێ بگوازینه‌وه ناوهۆڵی په‌رله‌مان."
ئازاد جندیانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد "به‌بڕوای من په‌رله‌مان له‌ڕووی ده‌نگه‌وه یه‌كلا بووەته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، دیاره هەر لایه‌نێك چه‌ند ده‌نگی هێناوه، به‌یاننامه‌ی پارتیش بیانووبڕه بۆ هه‌ندێ خه‌ڵك و لایه‌نی موزایه‌ده‌چی، زۆریش ئاشكرایه چ لایه‌نێك نایه‌وێ په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه و حكوومه‌تی نوێ دروست بكرێت."
قائید میرۆ