گەرمیان-KDP.info- هاووڵاتیان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری گەرمیان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپات دەکەنەوە و داوا لە تەواوی هێزە سیاسییەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی ئێستا بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان. گەرمیانییەکان لە لێدوانەکانیاندا بۆ ماڵپەڕی KDP.info جەخت دەکەنەوە کە مێزی گفتوگۆی پەرلەمان تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی دروشمی حزبەکانە و ڕاکردن لەم پرۆسەیە، دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گەلی کوردستانە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەم دۆخە نەخوازراوە. لەمبارەیەوە، ماردین حوسێن، ڕۆژنامەنووس لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پارتی وەک هێزی یەکەم و خاوەن متمانەی زۆرینەی گەلی کوردستان، دەرگای پەرلەمانی واڵا کردووە و دەڵێت فەرموون با لەبری کاتکوشتن و دروشمی سەر شەقام، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە بدەین. ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان نەماوە، هەر لایەنێکیش بەدەم ئەم بانگەوازە نیشتمانییەوە نەیەوێت بێت، دەیەوێت پرۆسەی دیموکراسی پەکبخات و ئۆباڵی یاسایی و سیاسیی ئەم چەقبەستووییەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بەرهەمی دەنگدانی خۆیان ببینن و چاوەڕێی خزمەتگوزاری و سەقامگیری دەکەن، نەک دروشمی بەتاڵ، بۆیە مێزی پەرلەمان تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی هەموو لایەنەکانە.
لای خۆشییەوە، عەلی مام ئەنوەر، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ''پەیامی پارتی نیشانەی خەمخۆری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە لەم قۆناغە هەستیارەدا. پەرلەمان ماڵی گەلە و نابێت ببێتە قوربانیی ململانێی تەسکی حزبی. ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەموو لایەنەکان تا بسەلمێنن کە بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. کاراکردنەوەی پەرلەمان واتای پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمە. هەر لایەنێک کە بەڕاستی خەمخۆری بژێوی، سەقامگیری و مافەکانی خەڵکی کوردستانە، دەبێت بزانێت کە ڕێگەی دروستی ململانێی دیموکراتیک تەنیا لە ناو هۆڵی پەرلەماندایە، نەک لە دەرەوەی.
لەم چوارچێوەیەدا، چاوان خورشید، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ هێزە سیاسییەکان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، هەنگاوێکی یەکجار بەرپرسانە و نیشتمانییە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە زیانی ڕاستەوخۆی بە ژیان و بژێوی هاووڵاتییان گەیاندووە. ڕاکردن لە گفتوگۆ و پەنابردن بۆ شەڕی ڕاگەیاندن، تەنیا کات بەفیڕۆدانە. شەرعییەتی ڕاستەقینە لە ناو هۆڵی پەرلەماندایە، نەک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان. ئەرکی سەرەکیی سەرجەم حیزبەکان لە ئێستادا، پاڵپشتیکردنە لە پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و یەکگرتوو، تۆپەکە لە یاریگای لایەنەکانی دیکەدایە بۆ ئەوەی جیدییەتی خۆیان بۆ خزمەتی گەلی کوردستان بسەلمێنن.
عەزیز ڕەسوڵ