خەلیفان-KDP.info- قائمقامی قەزای خەلیفان ڕادەگەیەنێت، کاروانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم نەک تەنیا سەنتەری قەزاکان، بەڵکو گوندە دووردەستەکانیشی ئاوەدان کردووەتەوە. مەغدید عەریف ئەحمەد ئاشکرای دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی، سەرۆکی حکوومەت، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا بە گوژمەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتەکانی ڕێگەوبان، ئاوی خواردنەوە و گەشتوگوزار بۆ خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێ کراون، کە گرنگترینیان پڕۆژەی دووسایدی سپیلک - خەلیفان بوو.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قائمقامی قەزای خەلیفان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمدا کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار، لە کەرتەکانی ئاوی خواردنەوە، ڕێگەوبان و گەشتیاری، کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتیانی قەزای خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری، کە گرنگترینیان پڕۆژەی دووسایدی سپیلک - خەلیفان بوو بە گوژمەی ٨٣ ملیار دینار. هاوكات، چاککردن و قیرتاوکردنی ڕێگەی سەرەکیی گوندەکانی ساوا، بەورکان و دۆڵە تێسوو، لە لایەکی ترەوە قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی دەربەندۆک، گۆڕەز و ئاڵانە، ئاسانکاریی هاتوچۆی دابین کرد و سوودێکی گەورەی بە دانیشتووانی گوندەکان گەیاند.
قائمقامی قەزای خەلیفان، لەبارەی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوەش دوا و گوتی، ''بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار، کار کراوە بۆ دابینکردن و ڕاکێشانی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانی ئاڵانە، سارد، گۆڕەز، لێڕەمیر، دەربەندۆک و کانی کۆلەک. ئێستاش، بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆکوەزیران، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ ١٨ گوندی دۆڵی خەلان بیاو بە گوژمەی یەک ملیار و ٩٨٣ ملیۆن دینار لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و پێکدێت لە ڕاکێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بە درێژایی ٣٢ کیلۆمەتر. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، کێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەو ١٨ گوندە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، قائمقامی قەزای خەلیفان تیشکی خستە سەر بایەخدانی کابینەی نۆیەم بە سێکتەری گەشتوگوزار و گوتی، ''لە سنووری قەزای خەلیفان، ناوچە گەشتیارییەکانی دۆڵی ئاڵانە، دۆڵی مەلەکان، دۆڵی خەلان بیاو و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لە لایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە گرنگییەکی بەرچاوی پێدراوە و قەزای خەلیفان لە کەرتی گەشتوگوزاردا زیاتر گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەژین غەفار