Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاووڵاتییانی سلێمانی بۆ حیزبەکان: فەرموون ئەوە پەرلەمان کارای بکەنەوە

سلێمانی-KDP.info- ھاووڵاتیانی کوردستان لە چوارچێوەی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کۆتایی ھێنان بەم چەقبەستوویی سیاسییەی ھەیە، داوا لە ھەموو حیزبەکان دەکەن، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و ئەرکی نیشتمانییان جێبەجێ بکەن و، لە پەرلەمانی کوردستانەوە گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن."

مەکتەبی سیاسی پارتی بە حزبەکان دەڵێ "بارودۆخی ناوچەکە و کوردستان، ئەرکی نیشتمانی ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ، بۆ ھەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگاچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوە، لەو بارەویەوە مامۆستا عوسمان دۆڵەسووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەدەمەوەچوونی لایەنەکان بۆ بانگەوازەکەی پارتی، بەرپرسیارەتی نیشتمانی دەخاتە سەر شانی ھەموو ئەو حزبانەی ئەندامیان ھەیە لە پەرلەمانی کوردستان، بەھێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری لە کوردستان لە ڕێگای کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەرکی ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی حیزبەکان، ئەو حیزبانەی بانگەشەی چەسپاندنی یاسا دەکەن، بڕۆنە ھۆڵی پەرلەمان و لەوێ لە ڕێگای ئەندامەکانی خۆتان ململانێی شەریفانە بکەن بۆ بەرژەوەندی گشتی، نابێت کوردستان بۆ مەرامی شەخسی و حزبی لە بۆشایی یاسایی بمێنێتەوە، خەڵک متمانەی پێداون بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن."

مەکتەبی سیاسی پارتی فەرمووی، "لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان، چ ئەوانەی کورسیان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان ھەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو ھۆڵی پەرلەمان بەرپرسیاربن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو."

لەوبارەوە، چاوان بەکر، لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لایەنەکان بەگشتی لە پڕۆسەی دیموکراسی و سیاسی کوردستان، بەشدار بوون و بەڵێنیان بە خەڵک داوە، ھەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی بەرپرسیارن، دەبێ بەپێی سەنگی خۆیان ئەرکی سەرشانیان بەرامبەر بە کوردستان جێبەجێ بکەن، پێمان وایە دەبێت بەدەم بانگەوازەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بڕۆن، پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانی کوردستان ڕێڕەوی خۆیان بگرن، داخوازی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن، وڵاتەکەمان پێویستی بە دڵسۆز و ڕاستگۆ ھەیە، ئەو بەرپرس و حزبانەی خۆیان بە خەمخۆر دەزانن دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، ئامانجی گەورە کوردستان بێت، خەڵکی کوردستان متمانەی خۆیان بە حزب و ئەندامەکانی پەرلەمان داوە بۆ ئەوەی یاسای باش و گونجاو بۆ باشترکردنی ژیانیان دەربکەن، بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاو بگرن، ئێستا باشترین کار بیکەن کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆتایی ھێنانە بە زمانی زبر، ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی لەسەر شانیانە."

عەدنان ئەمین، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پەیامەکەی پارتی لەم کاتدا زۆر گرنگ بوو، چەقبەستوویی سیاسی و کارا نەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت زۆری خایاند، ئیمە ئەو پەیامە لە قووڵایی خەمخۆری پارتیییەوە بۆ ڕاستەڕێکردنی پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانی کوردستان دەبینین، ئەرکی ھەموو حزبەکانە بەپێی قەبارەی ئەو کورسییانەی لە پەرلەمان ھەیانە بەدەم پەیامەکەی پارتییەوە بڕۆن، سەنگ و قورسایی لایەنەکان لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەردەکەوێت، فەرموون ئەوە دەرگای پەرلەمان کراوەتەوە، حزبی یەکەمی کوردستانیش ئامادەیی تێدایە بڕۆن لە پەرلەمان بەوردی گفتوگۆ لەمەڕ چەقبەستوویی وڵات و پێکھێنانی کابینەی نوێ حکوومەت بکەن، کۆتایی بە پەیامی ناڕاستەوخۆی سۆشیال میدیا بھێنن کە جگە لە زیان بۆ خۆتان و کوردستان ھیچ دەسکەوتێکی نابێت، ڕێگاچارەی دەرباز بوون لەم دۆخە چەقبەستوویە بدۆزنەوە." 

عەزیز ڕەسووڵ