Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج، پێویستە لەسەر نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی زمانی کوردی ھەنگاو بنێین

​نەرویج -KDP. info-بورهان فارس گەردی بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج دەڵێت،  سەرۆک بارزانی هەمیشە جەخت لەسەر فراوانکردنی بیروڕای نەتەوەیی و پاراستنی زمان، کەلتوور و دابونەریتی کوردی دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لە دوورەوڵات و تاراوگە دەژین.

بورهان فارس گەردی بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک نەخشەڕێگەیەک و هاندەرێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی فێرکردنی زمانی دایک لە دەرەوەی نیشتمان، پێویستە لەسەر ڕێگای سەرۆک بارزانی هەنگاو بنێین بۆ پاراستنی زمانی کوردی. سەرۆک بارزانی هەمیشە جەخت لەسەر فراوانکردنی بیروڕای نەتەوەیی و پاراستنی زمان، کەلتوور و دابونەریتی کوردی دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لە تاراوگە دەژین."
​  بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج دەشڵێت "زمانی کوردی زمانێکی دێرین و دەوڵەمەندە لەڕووی ڕێزمان، مۆرفۆلۆژی و ئەدەبەوە، گرنگیدان بەم زمانە پێناسەیەکی سەرەکییە بۆ بوونی خودی کەسایەتی مرۆڤی کورد."
گوتیشی" ساڵی ٢٠١٥ وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کاتێک توانیمان دەرگای قوتابخانەی کوردی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە سیستەمێکی هاوچەرخ بکەینەوە، دواتر بەهۆی خواستی زۆری دایک و باوکانەوە دوو لقی دیکەمان لە شارەکانی ساندڤیکا و میسن کردەوە." 
​بورهان فارس گەردی گوتی: ئەم قوتابخانانە تەنیا شوێنی فێربوونی پیتەکان نین، بەڵکو لەڕێگەی سروودە نەتەوەییەکان، ناساندنی مێژوو، جوگرافیای کوردستان و سەرکردە دێرینەکانەوە، کەسایەتییەکی بەهێز و نیشتمانپەروەر لە ناخی منداڵاندا بنیات دەنێن تا لە داهاتوودا خزمەت بە گەلەکەیان بکەن."
ئەو جەخت دەکاتەوە کە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسە پەروەردەییە، توانیویانە ٣٥ هەزار کتێبی تایبەت بە قوتابخانە بەچاپ بگەیەنن.
​لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج ئاماژەی بەوە دا "ئێستا ٣٥ قوتابخانەی کوردی لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا هەنە و هەموویان لەژێر چەتری کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستان کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.
هیوادارم ئەم  ئەکادیمییە فراوانتر بێت و بە ئەنجامدانی کۆڕ و، وۆرکشۆپی بەردەوام، نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار بۆ داهاتووی گەلی کورد تەیار بکرێت."

کرمانج گوانی