زکری مووسا
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەداخەوە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و گاڵتەجاڕیانە. بەشێکی لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە داوی ھاتوھاوار و گوتاری عەوامفەریب و پۆپۆلیستانە. سادەکردنەوەی کێشە ئاڵۆزەکان و لێدوانی سەتحی و بازاڕییانە لەبەردەم مایکەکان، قسەکردنی بێ بەڵگە تەنیا لەپێناو ڕاکێشانی ھەست و سۆزی جەماوەر، ھەوڵدان بۆ لێکترازان و دابەشبوونی زیاتر لەناو خەڵک، زیندووکردنەوەی ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ و ناوچەگەرێتی، ھاندان بۆ قووڵکردنەوەی ڕق لەنێوان کایەکانی کۆمەڵگە، شانازیکردن بە خوڵقاندنی قەیران و بە بنبەستگەیاندنی ھەموو شتێک، ترساندن و نائومێدکردنی جەماوەر، ھەر ھەمووی بەشێکن لەو گوتارە بێباک و پۆپۆلیستییەی کە جەستەی ھەرێمی کوردستان شەکەت و ماندوو دەکەن.
ئەو گوتارە کە ھیچ ناسنامەیەکی سیاسیی ڕوونی نیە، تەنیا ڕەنگی ڕەش و سپی دەناسێت و ھیچ پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و جددی و ڕاستەقینەشی بۆ داھاتووی وڵات پێ نیە. گوتارەکە گوتاری بەھا و پڕەنسیپ و پلان و ستراتیژی نیە، گوتارێکی سادەی سەودا و کڕین و فرۆشتن و درۆکردنە لەگەڵ دەنگدەر و ھەوادارەکانی. بە دڵنیاییەوە ھەر لایەنێکی سیاسییش بیەوێ بەدوای ئەو بازاڕە سەتحی و گاڵتەجاڕییەدا بکەوێت، دواجار ناسنامەی سیاسیی خۆی و دیتی بۆ ئاییندە و لێکدانەوەی بۆ پڕۆسەی سیاسی دەشێوێنێت و سەری لەخۆی و ھەوادارانی تێکدەدات. تەنانەت ناچار دەبێت پشت لەو پڕەنسیپ و بنەما و دروشمانە بکات کە لەپێناوی دامەزراوە.
ئەزموونی سی و پێنج ساڵەی ھەرێمی کوردستان سەرباری بوونی کەموکوڕی بەڵام ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و تژییە لە فرەلایەنی و فرەڕەنگی. لەونێوەدا ھەڵپەرست و پۆپۆلیست و گاڵتەجاڕیی سیاسیش بۆیان ڕەخساوە گەشە بکەن و قسەیان ھەبێت و تەنانەت ببنە ھەڕەشەش لەسەر خودی ئەزموونەکە. ئێستا ھەرێمی کوردستان کە بەرھەمی ڕەنج و ئازار و تێکۆشانی دوورودرێژی ڕۆڵەکانیەتی بە قۆناغێکی زۆر ھەستیار و یەکلاکەرەوەدا تێپەڕ دەبێت. ھاوکێشە ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان پڕن لە ھەڕەشە و دەرفەت. دوورکردنەوەی ھەڕەشەکان و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان لەم دۆخە ھەستیارەدا پێویستی بە باڵادەستبوونی دەنگی پەرۆشی و حیکمەت و ڕۆحی نیشتیمانپەروەرییە بەسەر ئاوازی بێباکی و بێ ڕوئیایی و خۆخۆریدا.
خەڵکی کوردستان دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە یەکێک لە پاکترین و شەفافترین ھەڵبژاردنەکانی چوار دەیەی ڕابردوو، دەنگی خۆیان دا. بەشێکی لایەنەکان بە ئەنجامەکان ڕازی نین. بەشێکیان بە ئیستحقاقی ئینتیخابی خۆیان ڕازی نین، بەشێکیان خەون بە نەمانی ھەرێمەوە دەبینن. ناکرێ چارەنووسی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەو ھەلومەرجە ھەستیارەدا بدرێتە دەستی گوتاری گاڵتەجاڕانە و بێباکیی سیاسی. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ دەنگدەر و ئەندام و لایەنگرانیاندا ڕاستگۆن با ڕێگە بدەن نوێنەرانیان بچنە پەرلەمان و لەوێ بڕیار لەسەر کۆی کێشەکان و چارەسەرکردنیان بدەن. ئەگەر بڕوایان بە دیموکراسی و دەنگی دەنگدەرانیان ھەیە، با لەوێ بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتەکان و وردەکاریەکانی تر و ستراتیژیی گشتیی حکوومەت بدەن. ئەمە نەخشەڕێگە دروستەکەیە و خۆسەپاندن و ھاتوھاواری بەردەم مایک و شاشەکان و قووڵترکردنی لێکترازانەکان دەردی ئەو میللەتە چارەسەر ناکەت.