Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێوەندیی نێوان مۆسکۆ و ھەولێر لەسەر بنەمای کەرتی وزەو، وەبەرھێنان زیاتر گەشە دەکات

ھەولێر -KDP.info- پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت "پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر ڕەهەندێکی ستراتیژیی قورسی هەیە، کە لەسەر بنەمای کەرتی وزە و وەبەرهێنان داڕێژراوە."

چرا شەماڵ لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی KDP.info ئاماژەی بەوە دا "جەختکردنەوەی ڕووسیا وەک دەوڵەتێکی زلهێز لەسەر ئەم هاوبەشییەی کە رایگەیاندووە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ڕەنگدانەوەی پێگەی گرنگی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشەی وزە و ئاسایشی ناوچەکە و سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی هەرێم نیشان دەدات."
چرا شەماڵ، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت، "گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان، ڕەهەندێکی ستراتیژیی قورسی هەیە کە لەسەر بنەمای کەرتی وزە و وەبەرهێنان داڕێژراوە.  مۆسکۆ وەک دەوڵەتێکی زلهێز، کاتێک جەخت لەسەر ئەم هاوبەشییە دەکاتەوە، مۆتیڤ و پاڵنەرەکەی ڕەنگدانەوەی پێگە و قورسیی جیۆپۆلەتیکی هەولێرە وەک جەمسەرێکی سەرەکی و سەقامگیر لە هاوکێشەی وزە و ئاسایشی ناوچەکەدا، ئەمەش سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی هەرێم پیشان دەدات کە پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە جیهانییەکان بڕیاردەرە."
زیاتر دەڵێ ''پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکو پاڵپشتە بە ڕەهەندێکی کلتووری و مێژوویی قووڵ کە ڕەگی لە پەیوەندییە دێرینەکانی هەردوولا داکوتیوە و زەمینەیەکی بەهێزی لە لێکگەیشتنی ڕۆشنبیری و متمانەی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. ئەم متمانەیەش پاڵپشتێکی گرنگە بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان، بۆیە گرنگیدان بەم پەیوەندییە فرەڕەهەندانە بەشێکە لە ستراتیژیی هەمەجۆرکردنی دەروازە دیپلۆماسی، ئابووری و کلتوورییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی قەوارەی هەرێمی کوردستان."
گوتیشی ''ئەگەرچی ئێستا بەهۆی سزاکانی سەر ڕووسیا و بەربەستەکانی بەغدا لەبەردەم کەرتی وزە و نەوت ئاستەنگ هەیە، بەڵام ویستی مۆسکۆ بۆ هاوبەشی و ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، هێزی پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی کاریگەرییەوە لە ناوچەکە دەسەلمێنێت."
ئاماژەی بەوەش کرد ''گرنگی ئەم قۆناغە لەوە دایە، هەرێمی کوردستان بە دیپلۆماسییەتێکی لێهاتووانە هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ، کە داکۆکیکردن بێت لە مافە دەستوورییەکانی خۆی، تا بگات بەو شایستەییەی کە هاوتەریبە لەگەڵ پێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی کە ھەرێمی کوردستان ھەیەتی."

عەزیز ڕەسووڵ