Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەقڵاوە..گەورەترین پارکی گەشتیاری لەسەر ئاستی شارۆچکەکە دروست دەکرێت

​شەقڵاوە–KDP.info– لە پێناو پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەترین پارکی گەشتیاری لە شارۆچکەی شەقڵاوە کرا، کە بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی، ئەم پڕۆژەیە قۆناخێکی نوێ بۆ گەشتوگوزاری ناوچەکە دەکاتەوە.

ڕێکان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە ڕایگەیاند، پڕۆژەی پارکی (سۆرک) دەستی پێکردووە و وەک گەورەترین پارک لەسەر ئاستی شارۆچکەکە هەژمار دەکرێت.
​ڕێکان حەسەن ئاماژەی بە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە کرد و گوتی: ڕووبەری گشتیی پارکەکە نزیکەی 40 دۆنمە، لە قۆناخی یەکەمیشدا کارکردن لەسەر 18 دۆنم دەستی پێکردووە و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگدا تەواو بکرێت.
​سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەکە گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کەرتی گەشتوگوزاری سنوورەکە دەبێت و ڕێژەی سەوزایی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە پلان هەیە لە داهاتوودا پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت، بەجۆرێک توانای لەخۆگرتنی سەدان خێزانی هەبێت و ببێتە شوێنێکی دڵگیر بۆ گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە و پارێزگای هەولێر بەگشتی.