Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیفا بارزانی پەیام و ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی گەیاندە کۆنگرەی زمانی کوردی

ئەڵمانیا-KDP.info- لە وڵاتی ئەڵمانیا و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی دەستی بە کارەکانی کرد. لە میانی کۆنگرەکەدا، شیفا بارزانی پەیام و پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەپێدانی زمانی کوردی گەیاندە ئامادەبووان.

شیفا بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرۆک بارزانی بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم کۆبوونەوە زانستی و فەرهەنگییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ کارەکانی کۆنگرەکە خواستووە. جەختیشی کردەوە کە زمانی کوردی پایەی سەرەکیی مانەوەی گەلی کوردە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ زیندوو ڕاگرتنی بن.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، شیفا بارزانی تیشکی خستە سەر ڕاسپاردەیەکی گرنگی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی دیاسپۆرا و ناوخۆ و وتی، "لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، دەبێت هەموو خێزانە کوردەکان هان بدەین کە منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندنی زمانی کوردی و ڕێگە نەدەن نەوەی نوێ لە زمانەکەیان داببڕێن."

هەروەها پەیامێکی ئاراستەی ناو خێزانەکان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی یەکەمی ئاخاوتن لە ماڵەوە. گوتیشی، "ئەرکی سەرشانی باوانە کە لە ناو ماڵ و خێزانەکانیاندا تەنیا بە زمانی کوردی قسە بکەن، بۆ ئەوەی زمانەکەمان بە پارێزراوی بگاتە نەوەکانی داهاتوو."

ئەم کۆنگرەیە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی زمان، ئەکادیمیست و نووسەران بەڕێوەدەچێت، ئامانجیەتی میکانیزمێکی نوێ و نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە پێناو فێربوون و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی لە سەرانسەری جیهاندا دابڕێژێت.