Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگار بۆ KDP.info: لیژنەیەک بۆ پەلەکردن لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی پێکهێنراوە

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات کە بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەت بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی هەولێر پێکهێنراوە. ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی KDP.info ڕادەگەیەنێت، ئەم پڕۆژە ژینگەییە نیشتمانییە درێژییەکەی ٩٠ کیلۆمەترە و بە پانیی دوو کیلۆمەتر بە چواردەوری پایتەختدا دەسووڕێتەوە، کە پاش تەواوبوونی، هەولێر لە ڕووی ژینگەییەوە دەباتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان کە بە تەواوبوونی، هەولێر دەباتە قۆناغێکی گرنگەوە. ئەوەی لە ناو ماستەرپلانی هەولێردا جێگیر کراوە، هەشت قۆناغە، لە ئێستادا قۆناغی یەکەم کاری تێدا دەکرێت و لە کۆتاییدایە، بۆ قۆناغەکانی دیکەش بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک دروست کراوە بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە جێبەجێکردن و ڕێکخستنی کاروباری پڕۆژەکە.

ئومێد خۆشناو گوتیشی، ''درێژیی پڕۆژەکە نزیکەی ٩٠ کیلۆمەتر دەبێت کە بە چواردەوری پارێزگای هەولێردا دەسووڕێتەوە و پانییەکەشی دوو کیلۆمەتر دەبێت، بۆیە ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بێت، ئەو کاتە لە ڕووی ژینگەییشەوە هەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە. بەڵام سەرجەم پڕۆژەکان پەیوەستن بە بودجەوە، ئومێدمان وایە لەم کابینەیەی حکوومەتی عێراقدا ئەو ئاستەنگانەی هەن نەمێنن و گرفتەکان چارەسەر بکرێن، شایستە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت تاوەکو پڕۆژەکان دەست پێ بکەنەوە و ئەوانەی تەواویش نەبوون، کۆتاییان پێ بهێنرێت.

 

بڵند ئیبراهیم