Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان قەڵغانێکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگای کوردی

شێخ ستار عەواڵانی 

بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی، هەمیشە لە پێشینەی کارنامە و دیدگا ستراتیژییەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بووە. لەم چوارچێوەیەدا، دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان وەک یەکێک لە ڕێگری و  سەرەکییەکانی گەشەپێدانی گشتی سەیر دەکرێت. ئەمە بابەتێکی کۆمەڵایەتیی قووڵە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر جومگەکانی ژیانی ڕۆژانە. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە، پێویستی بە تێڕوانینێکی حەکیمانە و هێمن هەیە کە لەبری دروستکردنی دڵەڕاوکێ، تیشک بخاتە سەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و داڕشتن و دۆزینەوەی  قەلغانێك   بۆ خێزان و کلتووری کوردی.

کاریگەریی کۆمەڵایەتیی ئەم دیاردەیە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە زیان بە ڕیشەی سەرەکیی کۆمەڵگا، کە خێزانە، دەگەیەنێت. کاتێک تاکێکی خێزان دووچاری ئاڵوودەبوون دەبێت، هاوسەنگی و تەبایی نێوان ئەو خێزانە بەرەو لاوازی هەڵوەشان دەچێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر پەروەردەی دروست و ئاستی بەرهەمهێنانی گەنجان لە کایە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. کۆمەڵگای کوردی کە لە مێژوودا بە توندوتۆڵی پەیوەندییە مرۆییەکان و بەها ئەخلاقییە بەرزەکانی ناسراوە، لە ڕێگەی هۆشیاریە بەردەوامەکانەوە دەتوانێت ڕێگری لە ساردبوونەوەی ئەم پەیوەندیە کلتوورییانە بکات. لێرەوە، گرنگیی داڕشتنی بەرنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ پاڵپشتیی گەنجان و پاراستنی ژینگەی خێزانی وەک بنەمایەکی سەرەکیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت.

لەم سۆنگەیەوە، دیدگا و ستراتیژی سەرۆک بارزانی بەرامبەر بەم بابەتە، ڕەنگدانەوەی بەرپرسیارێتییەکی باوکانە و حەکیمانەیە. سەرۆک بارزانی بە قووڵی درکی بەوە کردووە کە گەنجان سەرمایەی ڕاستەقینە و هێزی بزوێنەری پاشەڕۆژی ئەم وڵاتەن، بۆیە پاراستنی تەندروستی و شکۆی ئەوان، ئەرکێکی نیشتمانییە. تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە نێوان (سەروەریی یاسا) و (چاکسازیی کۆمەڵایەتی) وەستاوە. ستراتیژی سەرۆک بارزانی تەنها لە چوارچێوەی سزاداندا کورت نابێتەوە، بەڵکو جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە یاسا بە توندی بەسەر تۆڕەکانی بڵاوکردنەوەدا جێبەجێ بکرێت، لە هەمان کاتدا بە چاوێکی مرۆیی و چارەسەرخوازانە سەیری ئەو کەسانە بکرێت کە بوونەتە قوربانیی ئەم دیاردەیە، تاوەکو دووبارە بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگا و سوود لە وزەکانیان وەربگیرێت.

ئەم دیدگا حەکیمانەیە، ڕێگای بۆ شۆڕشێکی هۆشیاریی هێمن و نیشتمانی خۆش کردووە. لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانیدا، دامەزراوە فەرمییەکان، ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان، زانایانی ئاینی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕاگەیاندنەکان دەخرێنە گەڕ، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەهێزکردنی ئیرادەی تاک و ناساندنی زیانە ڕاستەقینەکانی ئەم پێکهاتە کیمیاییانە. کاتێک گەنجان لە ڕێگەی زانست و لۆژیکەوە لە مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون تێدەگەن، خۆیان دەبنە پێشەنگی پاراستنی هاوڕێ و خێزانەکانیان، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگا خۆی لەم ژەهرە کوشندەیە بپارێزێت.

پاراستنی قەوارە و داهاتووی هەرێمی کوردستان، و خێزانەکانمان تەنها لە ڕێگەی بیناسازی و ئابوورییەوە بەس نیە بەڵکو لە ڕێگەی پاراستنی تاک و بەها مرۆییەکانییەوە دێتە بەرهەم. هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەت و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، کلیلی سەرەکییە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە کە بە کۆمەڵگای ئێمە نامۆیە، دەبێت هەموو تاکێکی کورد دەست لە ناو دەست بێت تاوەکو کوردستان وەک هەمیشە بە پاکی، بەهێزی و بە ئیرادەی بەرزی نەوە هۆشیارەکانییەوە، بەرەو گەشەسەندنێکی بەردەوام و پاشەڕۆژێکی ڕوونتر هەنگاو بنێت.