ھەولێر-KDP.info- یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کادیرانی، خولی (سەرکردەی گۆڕانکار) بەڕێوە دەبات کە چوار قۆناغ لەخۆ دەگرێت. سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوان ڕایدەگەیەنێت کە مەبەست لە خولەکە بەسەرکردەکردنی کادیرانە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا، ھاوکات بەشداربووانی خولەکەش دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم ئەزموونە دیدگا و تواناکانیانی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەیاندووەتە قۆناغێکی باڵاتر.
پەیوەست بە سوود و گرینگی و بەشدارییان لە خولی (سەرکردەی گۆڕانکار)، ئەسما عیسام، بەرپرسی ناوچەی زانکۆی لقی منارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''بەشداربوونمان لە خولی سەرکردەی گۆڕانکار، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاری و بەرپرسیارێتی بوو. لێرەدا باشتر فێری ئەو بنەمایانە بووین کە چۆن کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاراستەی کۆمەڵگە دابنێین، چۆن پەیامەکانمان بەوردەکاریی زیاترەوە دابڕێژین و چۆن لە چوارچێوەی دیسپلینێکی بەھێزتردا کار بکەین بۆ ئەوەی پەیامەکانمان کاریگەرتربن. ھەروەھا دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانمان و ئاستی تێگەیشتنی ئێمەی گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر، کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەم ئەزموونە دەخەینە خزمەتی ڕێکخراوی دایک و نیشتمانەوە.
ئەحمەد بێستوون، بەرپرسی ناوچەی زانکۆی لقی قەڵاتیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''بەڕاستی ئەم خولە گۆڕانکاریی تەواوی بەسەر کاری کادیرێتیی مندا ھێنا، کە پێویستە کادیر ھەموو کات چاوی لە گۆڕانکاری بێت لەناو ھەر ئۆرگانێک کە کاری تێدا دەکات. بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر خاڵە ھەرە گرنگەکان کە فێریان بووم، ئەویش، (گۆڕانکاریی گەورە، لە خاڵی بچووکەوە دەست پێ دەکات و خاڵی بچووک گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە دروست دەکات)، بۆیە مەرج نییە من کەسی یەکەم بم بۆ کارکردن تا پێشنیازی کەسانی سێیەم و چوارەم پشتگوێ بخەم. فێربووم تیمی کاریی خۆم لە پێشەوەی خۆم دابنێم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بم و دەستی کەسانی تر بگرم، بە خۆشحاڵییەوە ئەم خولە ئامادەکارییە بۆ گۆڕانکاریی گەورەتر بە چاو لێکردن لە گەنجانی وڵاتەکەمان کە سامانی مەزنی ھەرێمی کوردستانن.
ھەوکات لە بارەی کردنەوەی خولی سەرکردەی گۆڕانکار شڤان مەحموود، سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''خولی سەرکردەی گۆڕانکار لە لایەن سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانەوە بۆ کادیرانی سنووری لقەکانی ھەولێر کراوەتەوە و چوار قۆناغ لەخۆ دەگرێت، کە ھەر قۆناغێک بۆ ماوەی سێ ھەفتە بەردەوام دەبێت.
سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوان گوتیشی، ''مەبەست لە کردنەوەی ئەم خولە، پێشخستنی تواناکانی کادیرانمانە لە ھەموو ئاستەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی، سیاسی و جەماوەریدا. ھەروەھا بەسەرکردەکردنی کادیرە تا بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات و کۆمەڵگە ئاراستە بکات، بۆیە بنەماکانی سەرکردە و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەی پێویستە کەسی سەرکردە ھەیبێت، لەم خولەدا بۆ کادیرانی ڕێکخراوەکەمان شی دەکرێتەوە.
قائید میرۆ