ھەولێر-KDP.info-بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بەندکردن بەھۆی ماددەی ھۆشبەر زیادی کردووە، ئێستا ھەزار و ٩٥٨ کەس لەناو چاکسازییەکانی ھەرێم بەندکراون، بەشێکی زۆری ئاڵودەبووانی ماددەی ھۆشبەریش چارەسەر کراون.
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە ھەرێمی کوردستان شەش چاکسازی ھەن، ئێستا ھەزار و ٩٥٨ کەس بە تاوانی ماددەی ھۆشبەر بەند کراون، بەپێی ئاماری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو ھەزار و ٧٠٠ کەس بە تۆمەتی ماددەی ھۆشبەر ڕاگیراون، لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دان لەلایەن ئاسایش، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەندکردن و دەستگیرکردن لەسەر ماددەی ھۆشبەر زۆر زیادی کردووە، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٣ تەنیا ھەزار کەس لەناو چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان بەند کرابوون."
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان گوتی، "بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٠، ئاماژە بە شیاندنەوەی ئەو کەسانەی ئاڵودەی ماددەی ھۆشبەر بوونە نەکراوە لە چاکسازییەکان، بەڵام ئێمە شیاندنەوەمان خستە نێو پلانی خۆمان لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و سەنتەری شیاندنەوە لە ھەموو چاکسازییەکان کراوەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ھەزار و ١٥٠ کەسی ئاڵودەبوو چارەسەریان وەرگرتووە و ڕزگاریان بووە."
ئیحسان بابان ئاماژەی بۆ ئەوە شکرد، "لەنێو چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان پشکی شێر ئەو کەسانەن کە بەتاوانی ماددەی ھۆشبەر سزا دراون، لەکۆی ھەزار و ٩٥٨ بەندکراو ھەزار و ٢٠٠ کەس بازرگانی ماددەی ھۆشبەرن، ئەوانەی بە تاوانی ماددەی ھۆشبەر بەند دەکرێن جیاکراونەتەوە لە بەندیەکانی دیکە، داواشمان کردووە سەنتەری چارەسەر بکرێنەوە، بڕیاری کردنەوەی سەنتەرەکان لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، بەڵام بەھۆی نەبوونی بودجەوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن."
قائید میرۆ