Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: بۆ پاراستنی کۆمەڵگە پلانێکی فراوانمان گرتووەتە بەر

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، وێڕای هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانان و بەکارهێنەران، پلانێکی فراوانیان بۆ هۆشیارکردنەوە و چاودێریکردنی بازاڕ گرتووەتە بەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەوڵانە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماددەی هۆشبەرە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاریدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە چەندین سمیناری لە ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان کردووە، لە رووی مەیدانیشەوە، زیاتر لە 460 پۆستەری هۆشیاری کە زیانە جەستەییەکانی ماددەی هۆشبەر ڕووندەکەنەوە لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، هاوکات 16,000 نامیلکەی هۆشیاری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مینبەری مزگەوتەکان لە ڕۆژانی هەینیدا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم ژەهرە بەکارهێنراون.

سەبارەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لیژنەی هاوبەش بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوامی کافترییا، ڕێستۆرانت و دەرمانخانەکان پێکهێنراوە. 

لەم چوارچێوەیەدا رێنمایی دراوە بە زیاتر لە 1,600 نۆرینگە، دەرمانخانە و کۆمپانیای دەرمان و بەڵێننامەی پابەندییان لێ وەرگیراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دەرمانی پزیشکیی کۆنتڕۆڵکراو.

هەروەها زیاتر لە 110 کۆمپانیای هێنان و گواستنەوەی کەلوپەل بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەندین چالاکی هاوبەشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە، کە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی بازرگانیی مەترسیدار و دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی وڵات.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، توێژی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 40 ساڵ زۆرترین ئامانجی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن، ئامارەکان دەریدەخەن کە 80%ـی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2025دا دەستگیرکراون، لەم گرووپە تەمەنییەدان، هەروەها ئافرەتانیش لەم مەترسییە بەدەر نین، بەوپێیەی لە کۆی دەستگیرکراوانی ساڵی رابردوو، 4%ـیان لە رەگەزی مێ بوون.