Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تەندروستیی هەولێر هێڵی گەرمی بۆ خۆراکی ماوەبەسەرچوو خستە کار

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر بۆ وەرگرتنی سکاڵا و سەرنجی هاووڵاتیان لەسەر سەرپێچییە تەندروستییەکان و خۆراکی ماوەبەسەرچوو، هێڵێکی گەرمی ڕاگەیاند.

لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی خۆراک و بەرهەمەکان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر هێڵێکی گەرمی بۆ وەرگرتنی سکاڵا و تێبینییەکانی هاووڵاتیان خستە کار.

بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر ڕاگەیاند، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکەن لە کاتی بینینی هەر کاڵا و کەرەستەیەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو، یان بەدیکردنی هەر حاڵەتێکی گوماناوی و سەرپێچییەکی تەندروستی کە دوور بێت لە ڕێنماییەکان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07502351935)ـەوە بکەن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوکاری و چاوکراوەیی هاووڵاتیان پاڵپشتێکی زۆر بەهێزە بۆ تیمەکانی چاودێریی تەندروستی، تاوەکو پێکەوە بتوانن کۆمەڵگە و تەندروستیی گشتی لە هەر مەترسییەک بپارێزن.