Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جووتیاران بۆ KDP.info: بە هاوکاری حکوومەت هەنگاوی گەورەمان لە سێكتەری كشتوكاڵدا ناوە

هه‌ولێر-KDP.info- جووتیارانی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆیان بەبۆنەی گرنگیدانی تایبەتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بە کەرتی کشتوکاڵ نیشان دەدەن، بەتایبەت لە بواری دابینکردنی ئاسایشی ئاو و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی عێراق، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا. جووتیارانی لە شارەزوور لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی ماڵپەڕی KDP.infoـدا، وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەریی سەرما و نەخۆشییەکانی ئەمساڵ، هەنگاوەکانی حکوومەت بەرز دەنرخێنن و داوای بەردەوامیی پاڵپشتییەکان دەکەن تا کوردستان ببێتە سەبەتەیەکی گرنگی خۆراک لە ناوچەکەدا.

ئێستا كوردستان لە وەرزی پێگەیشتنی باشترین بەرهەمەكانی سەوزەوات و بەرهەمە باخدارییەكاندایە، چەندان ساڵە جووتیاران بە هاوكاریی حکوومەت بەرەوپێشچوونی گەورەیان لە زیاتركردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكاندا بەدەست هێناوە، بە جۆرێک هەموو زەوییە كشتوكاڵییەكان بە بەرهەمە جۆراوجۆرەكان دەچێندرێن.

لەو بارەیەوە، سه‌ركه‌وت مه‌حموود، جووتیار لە شارەزوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ''ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا زۆر باش بوو، بەڵام بەگشتی ڕێژەی بەرهەمی كشتوكاڵی و باخداری كەمە و نەخۆشی لە میوە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكاندا هەیە، ئەوەش بەهۆی زۆریی باران و بوونی سەرماوە بووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ''حکوومەت هەنگاوی باشی ناوە بۆ هاوكاریكردنی جووتیاران و گەشەپێدانی بەرهەمی كشتوكاڵی، بەڵام ئێمە چاوەڕوانیی كاری باشتری لێ دەكەین. بڕیاری حكوومەت بۆ كڕینەوەی تەواوی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بڕیارێكی زۆر باشە، بەتایبەت کە نرخی هەر تەنێک لە ٥٠٠ هەزار دینار كەمتر نییە. سوپاسی سەرۆكی حکوومەت دەكەم کە بەڕاستی كەمتەرخەمیی نەكردووە.

خه‌سره‌و جاف، جووتیارێکی دیکە لای خۆیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، ''لەگەڵ بوونی بەرهەمی كشتوكاڵی و باخداری، بەڵام ئەمساڵ نەخۆشی و سەرما كاریگەرییان لەسەر بەرهەمەکان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەت و جووتیاران پێكەوە هەنگاوی گەورەیان لە سێكتەری كشتوكاڵدا ناوە.

گوتیشی، ''ئێستا چەندان كۆمپانیا بەرهەمی كشتوكاڵی و باخدارییمان ڕەوانەی دەرەوە دەكەن بۆ بازاڕەكانی جیهان. پاڵپشت بە خوا و هاوكاریی حکوومەت، ئامانجمان بەرهەمهێنانی كوالێتیی بەرزی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، تاكو بتوانین لە بازاڕەكانی جیهاندا ڕكابەریی بەرهەمی كشتوكاڵیی دەوڵەتانی تر بكەین. لە وەرزی بەروبوومی كوردستاندا، بازاڕەكانی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەورووپا داواكاریی هەناردەكردنی بەرهەمەكانمان ئاراستە دەکەن.

شیرین حه‌مه‌ ڕه‌شید، کە لە تەمەنی منداڵییەوە سەرقاڵی جووتیارییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ''بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستان لە ئاستێكی یەکجار بەرز و خۆماڵیدا بەرهەم دەهێندرێت، و لە كوالێتی و تامدا بەرهەمی هیچ وڵاتێكی پێ ناگاتەوە. ئەوەش وای كردووە حكوومەت لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمی كوردستان هەناردە بكات و بازاڕی دەوڵەتان دەرگایان بۆ سەرپشت كردووین.

زیاتر دەڵێ، ''ئەگەر حکوومەت هاوكاری و پاڵپشتییەکانی بۆ جووتیاران زیاتر بكات، دەتوانین كوردستان بكەینە سەبەتەیەكی گرنگی هەناردەی بەروبوومەكانی سەوزەوات و میوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.

 

عەزیز ڕەسووڵ