Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نیان ئەحمەد بۆ KDP.info: سبەی هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێ دەکات

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕادەگەیەنێت، سبەی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵمەتێکی نیشتمانیی هۆشیاری بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دوو لیژنەی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی نیشتمانی لە مەترسییەکانی ئەم پەتایە پێکهاتوون.

نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''سبەی ڕۆژی جیهانیی هۆشیارییە لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان، لە هەرێمی کوردستانیش هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. بەداخەوە بەهۆی زیادبوونی ئاڵوودەبووان و بازرگانیکردن بەم ماددانەوە، هەرێمی کوردستان چوووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە هەڵمەتی بەردەوام ئەنجام دەدەن و چەندین وەزارەتیش تێیدا بەشدارن.

نیان ئەحمەد دەشڵێت، ''ئەنجوومەنی وەزیران دوو لیژنەی باڵای بۆ ئەم مەبەستە دروست کردووە، ئەوانیش (لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) و (لیژنەی باڵای هۆشیاریی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان)ن. لەم چوارچێوەیەدا، ساڵی ڕابردوو چەندین چالاکیی جۆراوجۆر وەک چاپکردنی چوار هەزار پۆستەر، سیمینار و دەرکردنی نامیلکە ئەنجام دراون.

نیان ئەحمەد، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی باڵای هۆشیاریی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە، گوتیشی، ''ماددە هۆشبەرەکان مەترسیی گەورەن لەسەر وڵاتەکەمان، چونکە ژمارەی سزادراوان بەم تاوانە زۆر زیادی کردووە. لەم ڕووەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەنتەرێکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووان کردووەتەوە، چونکە بەپێی یاسا، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئاڵوودەبووان وەک نەخۆش و قوربانی مامەڵە دەکرێت.

 

قائید میرۆ