ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ـی ٦ـی ٢٠٢٦ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا و لە یادی شەهیدبوونی (شێخ حوسێن بەرزنجی)، دۆکیۆمێنتاریی (ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان)ـی لە شاری هەولێر نمایش کرد.
ڕێورەسمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، خانەوادەی سەربەرزی شەهید، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێکرد.
دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە کارە دۆکیۆمێنتارییانە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و پاراستنی بیرەوەریی نیشتیمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو. هەروەها بە وردی تیشکی خستەسەر گرنگی و پێویستیی بەدۆکیۆمێنتکردنی ڕەمزە نیشتمانی و کولتوورییەکانی کوردستان.

د. سالار عوسمان، ئاماژەی بەوەدا کە پاراستنی ئەم هێما و سەروەرییانە لە ڕێگەی کاری هونەری و بەڵگەفیلمەوە، ئەرکێکی نیشتمانی و مێژووییە بۆ هێشتنەوەی ناسنامە و خەباتی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەمان، بە مەبەستی ئاشناکردن و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، وێڕای بەرز نرخاندنی کارەکە، سوپاس و دەستخۆشییەکی گەرمی ئاراستەی دەرهێنەری فیلمەکە و تەواوی ستافی بەرهەمهێنان کرد، کە بە ماندووبوون و دڵسۆزییەکی زۆرەوە هەوڵیان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم شاکارە داوە و خزمەتێکی بەرچاویان بەم مێژووە گرنگە کردووە.
دواتر د.نیاز لەتیف دەرهێنەری بەڵگە فیلمی (ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان) وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێورەسمە و ڕێزگرتن لە مێژووی پڕ شکۆی (شێخ حوسێن بەرزنجی) هاوکات تیشکی خستە قۆناغ و وێستگەکانی دەرهێنانی بەڵگە فیلمەکە، هەروەها بایەخ و گرنگییەکانی ڕێزگرتن لە خانەوادە و مێژووی کەڵە هونەرمەندانی وەکو سەرمایەکی نیشتمانی مەزن خستەڕوو.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا، بەڵگەفیلمی (ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان) بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.
ئەم بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییە، کە بیرۆکەی (محەممەد ساڵح بەرزنجی)ـە و لە دەرهێنانی (د. نیاز لەتیف)ـە، بە شێوەیەکی ورد و هونەریانە تیشک دەخاتە سەر مێژووی پڕ لە شانازیی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ئەو گیانی بەرگری و خۆڕاگرییەی کە ئەم سروودە لە قۆناغە سەختەکاندا لە ناخ و دڵی کوردستانیان دروستی کردووە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە خانەوادەی ئاوازدانەری سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)، شەهید (شێخ حوسێن بەرزنجی) کرا، کە لەلایەن بەڕێز (یەحیا بەرزنجی)ـەوە وەرگیرا.
هەروەها، لە پای ئەو هەوڵە هونەرییە و وەک پێزانینێک بۆ کارەکەیان، سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەش بە خاوەنی بیرۆکەی بەڵگەفیلمەکە، بەڕێز (محەممەد ساڵح بەرزنجی) و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، بەڕێز (د. نیاز لەتیف) کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، (شێخ فەرەیدوون بەرزنجی) بە نوێنەرایەتی خانەوادەی شەهید (شێخ حوسێن بەرزنجی) بە چەند پەیڤێک دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد و هەروەها گوڵی ڕێز و سوپاسی پێشکەش بە د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد.